سەرتیپ جەوهەر
هەموو دیكتاتۆرو ستەمكاران لەمێژوودا یەكەم هەنگاوی دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، داخستنی رۆژنامەو ناوەندە فەرهەنگییەكان و دەستگیركردن و دوورخستنەوەی نوسەرو رۆژنامەنوسان و تەنانەت تیرۆركردنی دەنگە ناڕازییەكان بووە! هەر لەهیتلەرەوە بگرە تا دەگاتە سەدام حوسێن چونكە هێزی خۆیان لەبێدەنگكردنی خەڵك بینیوە نەك لەپشتیوانی خەڵك.
ئەگەر تەماشای ژیان و مێژووی هەموو ستەمكاران بكەیت لەمێژووی نوێی مرۆڤایەتیی، هەمان هەڵسوكەوتی دەسەڵاتدارو حوكمڕانانی هەرێم دەبینیت! هەر لەدەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەكانی ئابوریی و داهاتەوە بگرە دەگاتە دروستكردنی هێزی ئەمنی و سەربازیی تایبەت بەحزب و دەسەڵاتدار هەروەها داخستنی رۆژنامەو گرتن و كوشتنی نوسەرو رۆژنامەنوسان و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی و بەزۆر بێدەنگكردنی خەڵك و ..تد.
لەمێژووی نوێی كوردستان، سلێمانیی و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و مامجەلال لەپرسی ئازادی و دیموكراسی بەیەكەوە گرێدرابوون، سلێمانی شاری رۆشنبیریی بوو، یەكێتیی حزبی فرە مینبەروو فرە بیركردنەوە بوو، مامجەلالیش ئایكۆنی ئازادیی و دیموكراسی بوو، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال، بەدیاریكراوی دوای كودەتای 8ی تەمموزی 2021ی ناوخۆی یەكێتیی هەنگاوەكانی پاشەكشەی ئەو مێژووە زۆر خێرابوون. ئەو رووداوە، یەكێتیی لەرابردووی خۆیدا بەتەواوی دابڕی. جاران سلێمانیی شاری فەرهەنگ و مۆسیقاو خانەی رۆشنبیریی و شانۆو رۆژنامەی ئەهلیی و نوسەرو رۆژنامەنوسی ئازاد بوو، بەڵام ئێستا نوزەی تێدا نەماوەو مخابن هەر رۆژەو هەواڵێكی ناخۆش لەبارەی هەڵكوتانە سەر میدیاو دامودەزگا فكریی و رۆشنبیرییەكان دەبیستین.
ئێستا سلێمانیی زۆر بێدەنگ و كڕە، دەتوانین بڵێین لەهەولێر دەچێت! ئێستا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش (یەكێتیی نوێ) نەك فرە مینبەرو فیكرو بیركردنەوە نەماوە، بگرە كەس نازانێت ئەندامانی مەكتەب سیاسیشی كێن؟! ئەوانەی ئێستا بوونەتە بڕیاردەری ئەم حزبە، میراتگرانی باوانیان بوون. میراتگران، میراتگری فەرهەنگ فیكرو فەلسەفەو مێژووی مامجەلال و ئایكۆنەكانی مێژووی یەكێتیی نین، بەڵكو میراتگری پارەو سامان و باڵەخانەو كۆمپانیاكانی حزبن.
داخستنی خانەو دامودەزگا رۆشنبیریی و فەرهەنگییەكانی وەك چاودێرو بنكەی رۆشنبیریی گەلاوێژ..تد مێژووی سلێمانی دەخاتە سوچێكی تەنگ، لەمەودوا ئەو نازناوەی پێی دەناسرایەوە، دەكەوێتە ژێر پرسیارو كۆتایی بەو مێژووەش دێت كە جاران شانازیی پێوەدەكرا.