مەلا بەختیار: من بێدەنگ نابم و تەنیاش نیم، تا ئەم چركەساتەش یەكێتیم
  2024-09-05       886       

مه‌لا به‌ختیار، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی له‌باره‌ی "پەلاماردان"ی دامه‌زراوه‌ی چاودێر و وه‌رگرتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێتیبه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و بڕیارانه‌ "مه‌ترسیان به‌دواوه‌یه‌ و به‌ره‌و سیناریۆی ترسناكمان ده‌به‌ن". دەشڵێت، بێدەنگ نابم، منیش تەنیا نیم، تا ئەم چركە ساتە یەكیتییەكی راستەقینەم.

ئاوێنە: مه‌لا به‌ختیار لە ‌تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "دو ساڵ پێش چوارەمین كۆنگرە، دەركم كردبو كە یەكێتی بەرەو بنەماڵەبون، ملهوڕی، تاساندنی هەمو جۆرە ئازادییەكان و پەنجەرەكانی رەخنە دەڕوا. دەركم كردبو كە یەكێتی وردە وردە هەناسەی جوانی و سەربەستی و حزبایەتیی جوان و هاوچەرخ كۆتایی پێ دەهێنێت."

ئاماژە بەوەشدەدات"لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ باسم لەوە كرد كە یەكێتی لە لێوارێكی ترسناكدایە، بە هێزی چەكدار ئەم یەكێتییە ناپارێزرێ. یەكێتی بەرەو پوكانەوە و نەمانی هەمو جیاوازییە ئایدۆلۆجی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكانی لەگەڵ هەمو لایەنە سیاسییەكان دەڕوات."

مەلا بەختیار دەشڵێت"بەداخەوە شەڕەجنێو گەیشتۆتە ئاستێك كە ترسناكە و شەرمەزارییە، بازرگانیكردن بە جنێو و موزایەدەكردن بە قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان، بوە بە بێزراوترین جۆری سیاسەتی ئێستا."

ئەوەش دەخاتەڕو"بیستومە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوانەی كە لەگەڵیدان لە عەسكەری و غەیری عەسكەری، بڕیاریان داوە بچنە سەر ماڵەكەم لە خانەقین كە ماڵی خۆمە، ئەوە دلێری سەید مەجید شایەدە، دەیانەوێ (چاودێر)یشمان لێ وەربگرنەوە. كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەمەوە كە هەر جۆرە پەلامارێكی (چاودێر) یان ماڵی من لە خانەقین، بە ئاشكرا پێشێلكردنی ئازادی و لوتكەی بێوەفاییە لە مێژوی سیاسیی كوردایەتیدا."

هێمای بۆ ئەوەش دەكات "یەكێكم لەو كەسانەی ماڵی مام جەلال قەرزارمن، خودی مام جەلال قەرزارمە لە مێژودا. كوڕانی مام جەلال لەم مێژوە هیچ نەبون تا بڵێم ئەوان قەرزارمن، بەڵام ئەوان كە هاتونەتە سەر حازری، بە نەخشە و پیلان، بە كودەتای كۆنگرەی پێنج دەستیان بەسەر جومگەكانی یەكێتیدا گرتوە، خۆ ئەمە ناكرێ پێی لێ درێژ بكەن و گوێ بە هیچ بەها و رەوشتێكی سیاسی و پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی و مێژوێك."

جەختیشدەكاتەوە كە "ئەگەر سبەینێ تاوانی وا ئەنجام بدرێ، بێگومان من بێدەنگ نابم، منیش تەنیا نیم، بە سەدان كەسین، ئەو سەدان كەسەش بە تەنیا نامێنین، بێگومان هەوڵدەدەین بەرەیەكی فراوان دروست بكەین بۆ ئەوەی دۆخەكە مەترسیدارتر نەبێ و پێشێلكردنی ئازادی لە پەلاماردانی بارەگا و ماڵی منەوە بوەستێ."

دەشڵێت"ناوەستین، دڵنیا بن ئەمە ڕیسوابونێكی گەورەیە، هەڵتەكاندنی هەمو بنەماكانی ئەخلاقی سیاسیی حزبییە، دڵنیا بن ئەمە مام جەلال لە گۆڕ ڕادەچڵەكێنێ. ئەمە هەڵدانەوەی هەمو قەتماخە برینەكانە."

مەلا بەختیار ئاماژە بەوەشدەدات "بە دڵنیاییەوە دەمەوێ باش باش بزانن، ئێمە لە هەمو لایەك و هەمو تەكەتولێكی ئێستای نێو یەكێتی بۆ یەكێتییەكان و بۆ كوردستان و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتی و لایەنەكانی تر دڵسۆزترین. بە دڵنیاییەوە ئەم بڕیارانە مەترسیی دەولی بەدواوەیە و بەرەو سیناریۆی ترسناكمان دەبەن."

مەلا بەختیار جەخت دەكاتەوە "هیوادارم هەمو خەڵك تێبگات، تا ئەم چركەساتەی كە من قسەی تێدا دەكەم، یەكێتییەكی راستەقینەم و هەمو ئەم درۆیانە شەرمەزار دەكەم كە پەنجەی تۆمەت دروست دەكەن گوایە لەژێر كاریگەریی ئەملا و ئەولاین، شەرم دەكەم ئەو درۆیانە لە ئێوە دەبەستم، چۆن دەبێ ئەوەندە درۆزن بن؟ چۆن دەبێ ئێوە لاوازن و بتانەوێ بە درۆ و بوختان هەڵبەستن خۆتان بەهێز بكەن؟"

دەشڵێت"ئیسپاتی دەكەم چەند درۆزنن ئێوە، ئیسپاتی دەكەم پەیجە فەیكەكانتان چۆن بە دۆلاری ئێوە درۆ بۆ ئێمە هەڵدەبەستێ؟ دڵنیام هەموان بە درۆكانی ئێوە باوەڕ ناكەن. مانگی 200 بۆ 300 هەزار دۆلار دەدەن بە پەیجە فەیكەكانتان، ئەم پارەیە بدەنە بنەماڵەی شەهیدان باشتر نییە؟ ئەو رێگە دژەدیموكراسییە پیرۆزتان بێ، ئێمەش ڕێگەی پڕشكۆی پێشمەرگایەتی و سەربەرزی ئپیرۆزمان بێ، ئاییندە شایەدی دەدات قسەی كاممان راستە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×