وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بە توندی وەڵامی وتەبێژی یەکێتی دایەوە سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی موچە و دەستەڵاتەکانی وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا و بە سەعدی پیرە دەڵێت "ئەو کاکەیە بێ خەبەرە" و زانیاری ناڕاستی پێدراوە، "بۆیە بەکاک سەعدی دەڵێم، 'سیحەتت باشە ڕەئوف؟'"
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت، لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات. بەداخەوە ئەو کاکەیە [سەعدی پیرە] بێ خەبەرە، چونکە جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزەو نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیادناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی موچە و قوتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە. بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین، 'سیحەتت باشە؟' چونکە وانیە."
ڕۆژی 28ی 8ی 2024 سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی، یەکێتی نەبوەتە هۆی دواکەوتنی موچە و زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی موچە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیستی موچە وەزارەتی دارایی خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئێمە بێبەرین لەو کارە، هاوکات ئەوە پارتیە وازناهێنیت لە زیادکردنی ناوی نوێ."
هاوکات وتەبێژەکەی یەکێتی وەزارەتی دارایی بە لەدەسەڵات داماڵینی ئیدارەی سلێمانی تۆمەتبارکرد.
ئاوات شێخ جەناب لەوبارەیەوە وتی "بەداخەوە" وتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە "یان ئەو کەسانەی ئەو زانیارییەیان بۆ کاک سەعدی گواستوەتەوە ڕەنگە ڕاستگۆ نەبوبن."
وەزیری دارایی لەوەڵامی تۆمەتبارکردنیشیان لەلایەن وتەبێژی یەکێتییەوە بەوەی دەسەڵاتیان لە پاریزگای سلێمانی وەرگرتۆتەوە ڕایگەیاند، "زۆر سەیرە وتەبێژ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام خۆی ئامادە نەکردبێت. پێویستبو پێش چاوپێکەوتنەکە کاک سەعدی هیچ نەبێت پرسیاری لە پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و وەزیرەکانی حزبەکەی بکردایە، ئەوسا بۆی دەردەکەوت کە ئێمە دەسەڵاتمان لە سلێمانی وەرگرتۆتەوە یان پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەوەی لەماوەی ئەم 5 ساڵە ئێمە لەوەزارەتی دارایی بۆ هەماهەنگی و نەهێشتنی جیاوازی و ناعەدالەتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردومانە لەهیچ کابینەیەک نەکراوە، بۆیە دیسانەوە بەکاک سەعدی دەڵێم، 'سیحەتت باشە ڕەئوف؟'"
دەستەواژەی 'سیحەتت باشە ڕەئوف' لە فیلمێکی کۆمیدی کوردییەوە وەرگیراوە و ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و بازنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە فراوانی بڵاوبوەتەوە.
لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی هەرێم لە کاتێدایە موچەی مانگی حەوت دوای نزیکەی دو مانگ لە دواکەوتن سەرەتای ئەم هەفتەیە دابەشکرا. هەروەها چارەنوستی موچەی مانگی هەشت لەلای بەغدا نادیارە.
بۆ مانگی حەوت نزیکەی 600 ملیار دینار کورتهێنان هەبو لە پشکی موچەی هەرێم. وەزیری داراییش سەرەڕای ئەوەی کێشەکە بە "سیاسی" ناو دەبات لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها دواکەوتنەکەی مانگی حەوتیش بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت، "بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا موچە ڕابگیرێت."
ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، "دواکەوتنی موچەی مانگی حەوت کۆمەڵێک کێشەی فەنییە، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی موچە بوە بە سایسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا. ئێمە لیستی مانگی حەوتمان لەوادەی خۆیدا ناردبو، بەڵام دوایانخست هەتا لە مانگی حەوتدا کێشەیەکیان دروستکرد بە حساب ئەوان تقاتوعی وەزیفیان کردوە. لە مانگی دوەوە کۆیانکردەوە هەتا مانگی حەوت قسەیان نەکرد، بە یەک جار پێنج کتابیان نارد کە تێبینی مانگی دو و سێ و هەتا حەوتی تیا کۆبوبوەوە. بەدەر لە یاسا موچەیان ڕاگرتوە، چونکە بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لەژێر هیچ بیانویەکدا موچە ڕابگیرێت."
وتیشی، "تێبینیەکان بەشی هەرەزۆری چارەسەرکراوە... هەوڵمانداوە لەگەڵ خانەنشین و ئەوانەی تۆمار نەکراون هەتا سەری مانگ چارەسەربکرێن. پێموایە هەتا سەریساڵ لیستی موچەمان لە هەمو شتێک پاکدەبێتەوە، سەبارەت بە موچەی خانەنشینی سەربازییەکانیش کە پێشتر بە ناو داواکراوە، کاتی دەوێت هەتا هەڵەکان ڕێکدەخرێنەوە و بە بێ کێشە ناوەکان دەنێردرێن و ئەوانیش هاوتا دەکرێن لەگەڵ بەغدا."
لە مانگەکانی ڕابردودا، جگە لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بەبانکیکردنی موچەی کەرتی گشتی هەرێم، هەروەها حکومەتی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی هەرێم هەبوە کە بریتی بون لە هەبونی ناوی دوبارە، زیادکردنی ناو، نەبونی بایۆمەتری، وە هەبونی دو موچە.
بە وتەی وەزیری دارایی بەشێکی تێبینییەکان بەهۆی "لێکتێنەگەشتنەوە" بوە و زۆرینەیان چارەسەرکراون؛ حکومەتی هەرێم سورە لەسەر ئەوەی "هەژماری من" ببێتە سەرچاوەی دابەشکردنی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلکترۆنی.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، لە سنوری سلێمانی ڕێژەی بەشداری لە هەژماری من تەنها %37، لە کاتێکدا لە هەولێر %96 و لە دهۆک %92 هەژمارەکەیان پڕکردۆتەوە. لە کۆی گشتی موچەخۆرانی هەرێمیش نزیکەی 500 هەزار کەس بۆنەتە خاوەنی هەژمارەکە.
لەو بارەیەوە وەزیری دارایی وتی، "هەژماری من سیستەمێکی بانکییە هەم تەوتینە هەم خزمەتگوزاریەکی باشی بانکی پێشکەش دەکرێت بە هاوڵاتیان. هەمو ئیشێکی پێدەکرێت، تەنانەت دەتوانن پارە ڕابکێشن لە 15 ملیۆنەوە هەتا زیاتر. ئێستا عێراق ئیش لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی وەک ئێمە دروست بکەن، بۆیە وەک خۆمان چاوەڕوانی ئەوەین هەتا سەریساڵ بابەتی هەژماری من دەبێت تەواو ببێت. نزیکەی 500 هەزار کەس تەواو بون، لەم مانگەوە 120 هەزار کەس لە ڕێگەی ئەوەوە موچە وەردەگرن."
وتیشی، "هەرکەسێکیش لە ڕێگەی بانکەوە نەبێت واتە بە ئەلکترۆنی نەبێت، ناتوانێت موچە وەربگرێت، هەرکەس هەتا سەری ساڵ ناوی خۆی تۆمار نەکات، خۆی بەرپرس دەبێت، چونکە موچە بەدەست نامێنێت."
بەو پێیەی هەرێم بە پێی یاسا بەرکارەکانی خۆی موچەی دابەش کردوە، جیاوازی موچە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە. بەڵام بۆ مانگی حەوت بۆ یەکەم جار موچەی خانەنشینی هەرێم هاوتای خانەنشینانی بەغدا کرا. وەزیری دارایش دەڵێت، هاوتاکردنی موچە "بەڵام کاتی دەوێت."
ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، "لیژنەی هاوبەشمان هەیە لە نێوان هەردولادا، لیژنەی یەکخستنی ڕێکارەکانی پێ دەڵین. زۆر لە بابەتی خانەنشینەکان بە تایبەیت پێشمەرگە و لە ئاستی هەمو فەرمانبەران و گشتیش دەمانەوێت یەکیبخەین، چونکە یاساکان جیاوازن لە نیوان هەرێم و بەغدا. دەبێت هەموی یەکبخرێت. لیژنەکە ئیشی یەکخستنە بە تایبەت لە بوارە سەربازیەکان هەتا بتوانن هەموی یەکبخەن."