تەرمی یەکێک لە شەهیدەکانی بۆردوومانەکەی چوارتا لە سلێمانی بەخاک سپێردرا
  2024-09-05       438       

تەرمی یەكێك لە قوربانیانی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە ئەمڕۆ لە چوارتا لەلایەن درۆنی توركییەوە بۆردومان كرا، لە رێوڕەسمێكی جەماوەریدا لە گۆڕستانی سەیوانی دو لە شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا.

ئاوێنە: تەرمی شەهید بورهان سەعید، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئەمڕۆ لەلایەن درۆنی توركییەوە لە سنوری قەزای چوارتا كرایە ئامانج، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێوڕەسمێكی جەماوەریدا لە گۆڕستانی سەیوانی دو لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، توركیا لە رێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێكی لە سنوری قەزای چوارتای سەر بە پارێزگای سلێمانی كردە ئامانج و لە ئاكامدا سێ كەس شەهیدبون كە یەكێكیان بورهان سەعید، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بو كە خەڵكی گوندی چەمكەی شارباژێڕە.

پاش دەرهێنانی تەرمەکانیان، ڕەوانەی پزیشکی دادی شاری سلێمانی کران، بۆ ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکانیان، دواتر تەرمی شەهید بورهان رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوەو بڕیاریاندا لە گۆڕستانی سەیوانی دو لە شاری سلێمانی بەخاکی بسپێرن.

پێشتر كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی ناسنامەی سێ شەهیدی بۆردومانەكەوە، وتی،  یەکێک لە قوربانییەکان دانیشتوی گوندی "چەمەک" بوە لە ناحیەی زەلان، قوربانی دوەم منداڵێکە و کانولا لەدەستیدا بوەو قوربانی سێیەم، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوتاوییەکەی، دەموچاوی شێواوە و نەتوانراوە بناسرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×