وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڕیاریدا مۆڵەتی هاوردەكردنی بەنزین لە بازگەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵەوە بە بازرگانان بدرێت، ئەوەش "بەمەبەستی رێگەگرتن لە رودانی قەیران و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین."
ئاوێنە: وەزارتەكە، ئەمڕۆ 5ی ئەیلولی 2024، لە فەرمانێكدا رایگەیاندوە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی رێگەگرتن لە رودانی قەیران و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بڕیارماندا بە رێگەدان بە هێنانی بەنزینی بازرگانی لە بازگەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بەمەبەستی زیادبونی بڕی پێویست لە وێستگەكان و دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا."
وەزارەتەكە وتوشیەتی، بڕیاریشیانداوە بە رەچاوكردن و پاراستنی كوالێتی بەنزین لەلایەن لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان.
وەزارەتەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە فەرمانەكە لە رێككەوتنی دەرچونییەوە كە ئەمڕۆیە بەشێوەیەكی كاتی كاری پێدەكرێت تاكو هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە دەكرێت.