هەپەگە سەبارەت بە بۆردومانەکانی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
  2024-09-04       692       

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا توركیا لە ناوچەكانی پاراستنی مەدیا لە باشوری كوردستان، 40 جار بە فرۆکەی جەنگی، 22 جاریش بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر و 4 جاریش بە تەقەمەنی قەدەغە بۆردومانی کردوەو دەشڵێت: لە بۆردوومانەکاندا هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانیان نەکەوتوە.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ماوەی چوار ڕۆژە تورکیا دەیان جار لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای کردوە و سوپای توركیا ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانیان زیانی گیانیان بەركەوتوە بەڵام ئەو بانگەشەیە بەتەواوەتی درۆیە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتوە، لە 15 چالاکیی گەریلادا لە ڕۆژانی 29ـی ئاب تا 2ـی ئەیلول لە ناوچەكانی خواکورک، مەتینا، ڕۆژئاوای زاپ، درۆنێک خراوەتە خوارەوە، کامێرایەکی چاودێری حەراری و دو سیستەمی ڕادار تێکشکێندراون و گورز لە سێ سەنگەر وەشێندراوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە نێوان 31ـی ئاب و 3ـی ئەیلولدا چەندین شوێن لە ناوچەكانی خواکورک، گارە، رۆژئاوای زاپ و  قەندیل، بە گشتی 40 جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کراون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر لەو ماوەیەدا چەندین شوێن لە ناوچەكانی مەتینا، خواکورک بە گشتی 22 جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×