ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی چالاكوان لە سنە، دژبە دەرچونی سزای سێدارە بۆ پەخشان عەزیزی لەبەردەم بینای پارێزگا لە شارەكە گردبونەوە.
ئا،ێنە: چالاكوانەكان لە گردبونەوەكەدا چەند دروشمێكییان بەرزكردبوەوە لەوانە، "نەخێر بۆ سێدارە" و "پەخشان عەزیزی سیمبولی ئومێدە، لەسێدارەدانی خیانەتە لە مرۆڤایەتی"یە.
ئەوان داوایان كرد سزای سێدارەی ئەو ژنە چالاكوانەی كورد بەپەلە هەڵبوەشێنرێتەوەو هەروەها داواشیان كرد تەواوی زیندانیانی سیاسی و بیروباوەڕ ئازادبكرێن.
چالاكوانەكان لە گردوبنەوەكەیاندا راگەیەندراوێكدا خوێندەوە كە تێیدا هاتبو، سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، كە كۆمەكارێكی كۆمەڵایەتی بوە، "عادیلانە" نییەو، چونكە هاوكاریكردن و رزگاركردنی گیانی مرۆڤە و گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ژیانیان، "هیچ كات تاوان نەبوە و ناشبێت."
جەختیشیان كردەوە كە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و هەمو ئەو بڕیاری سزایایانەی كە بۆ تەواوی زیندانیان سیاسی دەرچون، بچوكترین هەنگاوە كە دەكرێت هەندێك رەوایەتیی مرۆیی و ئەخلاقی بۆ سیستمی دادپەروەریی بگەڕێنێتەوە.
پەخشان عەزیزی، بەندكراوی سیاسی كوردو خەڵكی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی هەڵگەڕانەوەی چەكدارانە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوە. رۆژی 8ی ئەم مانگە پەسەندكردنی ئەو سزایە لەلایەن دادگای باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگەیەندرا.
پەخشان عەزیزی نزیكەی 10 ساڵ وەك كۆمەككار لە ناوچەكانی كوردستانی رۆژئاوا هاوكاری پێشكەشی ئەو ئاوارانە كردوە كە لە جەنگ دژبە داعش هەڵاتبو، ئەو نزیكەی 18 مانگ لەمەوبەر دوای ئەوەی گەڕایەوە ئێران، دەستگیركراو دواتر دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرد.