بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق دەڵێن: توركیا زیاتر لە ٢٥ هەزار پێشێلكاریی لە عێراق ئەنجامداوە، سوپای توركیا بە قوڵایی ١٨٥ كیلۆمەتر هاتوونەتە خاكی عێراقەوە و لە ئێستادا تەنیا ٢٨ كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورن.
ئاوێنە: بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق سەبارەت بە هێرش و پێشێلكارییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و داگیركردنی خاكی عێراق بەجیا لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.
محەمەد ڕومێسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا توركیا ٢٥ هەزار پێشێلكاریی ئەنجامداوە، زیاتر لە چوار هەزار و ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق لە ژێر داگیركاریی توركیادایە.
باسی لەوەشكرد، داگیركاریی توركیا ئەوەیە كە ئەو وڵاتە بنكەی سەربازیی جێگیری دامەزراندووە، بەداخەوە ئەو بنكە جێگیركراوانە ئاماژەن بۆ نییەتێكی درێژخایەن.
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سوپای توركیا بە قوڵایی ١٨٥ كیلۆمەتر هاتوونەتە خاكی عێراقەوە و لە ئێستادا تەنیا ٢٨ كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورن.
دەشڵێت: ڕێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان عێراق و توركیا باسی كشانەوەی سوپای ئەو وڵاتەی لە عێراق تێدا نییە، لە جێگەی ئەو بڕگەیە تێیدا جەخت لە پاراستنی سەروەری خاكی هەردوو وڵات كراوەتەوە، ئەوەش قبوڵنەكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی هێزەكانی سوپای توركیا لە هەرێم لە ژمارەی سەربازانی ئەمریكی لە عێراق زیاترە و پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا بە ئاشكرا بووەتە داگیركردنی خاكی عێراق.
لە كۆتایدا وتی: توركیا زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و ٨٠ بنكەی سەربازیی و ژمارەیەك بنكەی هەواڵگریی لە خاكی هەرێمی كوردستان جێگیركردووە.
جێگەی ئاماژەیە، دەوڵەتی تورك بەردەوامە لە داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی مەدەنی، تا ئێستاش نە حكومەتی عێراق و نە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان هێچ هەڵوێستێكی كردارییان بەرامبەر بەو تاوانانەی دەوڵەتی تورك نەبووە.
هەر دوێنی بە هۆی تۆپبارانی دەوڵەتی تورکەوە شوانکارێک شەهیدبوو، ئەمەش ١٧ـیەمین هاوڵاتیی مەدەنییە، کە بە هۆی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە لە باشووری کوردستان شەهیدبوون و ١٢ـی دیکەش برینداربوون.