مانگی‌ ڕابردو عێراق زیاتر لە 108 ملیۆن بەرمیل نەوتی‌ هەناردە کردووە
  2024-08-31       209       
وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌داهاتی‌ نه‌وت بۆ مانگی‌ ته‌مموز نه‌كردووه‌

وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ لەمانگی‌ ڕابردودا (ته‌مموز) زیاتر لە 108 ملیۆن بەرمیل نەوتی‌ هەناردە کردووە، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق، لەمانگی‌ تەمموزی‌ رابردودا 108 ملیۆن‌و 53 هەزارو 356 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، بەوپێیە تێکڕای‌ هەناردەی‌ رۆژانە 3 ملیۆن 400 هه‌زار بەرمیل بووە.
 
106 ملیۆن‌و 125 هەزارو 200 بەرمیل لەکێڵگەکانی‌ نەوتی‌ ناوەڕاست‌و باشور هەناردە کراون، یەک ملیۆن‌و 928 هەزارو 156 بەرمیلی‌ دیکەی‌ لەکێڵگەی‌ گەیارەی‌ نەینەواوە هەناردە کراوە. 
 
هەناردەی‌ نەوتی‌ مانگی‌ تەمموز، شەش ملیۆن‌و 41 هەزارو 428  بەرمیل نەوتی‌ لەمانگی‌ حوزەیران زیاتر بووە، وەزارەتی‌ نەوت لەو مانگەدا زیاتر لە 102 ملیۆن بەرمیل نەوتی‌ هەناردە کردووە. 
 
بە گوێرەی‌ ئامارەکانی‌ وەزارەتی‌ نەوت، لەمانگی‌ تەمموزدا لەکێڵگەکانی‌ کەرکوکەوە نەوت هەناردە نەکراوە، بەوپێیەی‌ عێراق‌و ئوردن رێککەوتنی‌ نێوانیان کارا نەکردۆتەوە بۆ هەناردەکردنی‌ نەوت بۆ ئەو وڵاتە کە لەکێڵگەکانی‌ نەوتی‌ کەرکوکەوە. 

وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق  مانگانه‌ بڕی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت‌و كۆی‌ داهاته‌كه‌ی‌‌و نرخی‌ فرۆشتنی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌داهاتی‌ نه‌وت بۆ مانگی‌ ته‌مموز نه‌كردووه‌.

حکومەتی عێراق لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا هەوڵی زیادکرنی بەرهەم‌و هەناردەی لەکێڵگەکانی باشور، بەتایبەت کێڵگەکانی بەسرە داوە بۆ ئەوەی بتوانێت قەرەبوی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بکاتەوەو هەناردەی نەوت بگەیەنێتە سێ ملیۆن‌و نیو بەرمیلی ڕۆژانە.

بەپێی ڕێکكەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" له‌مانگی ئەیلولی داهاتودا تا کۆتایی ئەمساڵ عێراق پابەند دەبێت بەهەناردە کردنی ڕۆژانە لەخوار سێ ملیۆن‌و نیو تا سێ ملیۆن‌و 600 هەزار بەرمیل. ئەوەش لەپێناو هێشتنەوەی نرخی نەوت لەسەروی 70 دۆلار. 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×