"هیچ ئەفسەرێكی عێراقی لەسەر دۆسیەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك دەستگیرنەكراوە"
  2024-08-31       313       

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك، ئەو هەواڵانەی میدیاكانی توركیا رەتدەكاتەوە كە باس لە دەستگیركردنی ئەفسەرێکی عێراقی لەسەر دۆسیەكە دەكەن.

ئاوێنە: میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە لەدوای كەوتنە خوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك، عەمید عەبدولسەلام، جێگری فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانی عێراق لەكەركوك دەستگیرکراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، چونکە وتبوی، درۆنەكە خراوەتە خوارەوە.

بەڵام ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دۆسیەكە بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوە، ئەو هەندێك لە میدیا توركییەكان بڵاویان كردۆتەوە لەبارەی دەستگیركردنی ئەفسەرێكی پلە باڵا لەسەر دۆسیەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە راست نییەو تاوەكو ئێستا فەرمانی دەستگیركردن بۆ هیچ ئەفسەرێك دەرنەچوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە پێكهێنراوە، لەماوەی 48 سەعاتی دیكەدا كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكانی دەهێنێت و راپۆرتی كۆتایی خۆی پێشكەش دەكات.

رۆژی پێنجشەممە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە لە كەركوك، زانراوە كە توركییەو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ زانینی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی پێكهێنراوە.

لەلای خۆیشیەوە توركیا رایگەیاندوە كە لەگەڵ عێراق لەسەر خەتن بۆ زانینی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×