كەجەكە رەخنە لە كۆبونەوەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق و توركیا دەگرێت و رەتیدەكاتەوە پەكەكە مەترسی بێت لەسەر عێراق و دەڵێت"پەکەکە هەرگیز لە دژی یاساکانی عێراق نەجوڵاوەتەوە، هەمو کات ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق و گەلانی بە بنەما گرتوە." داواش لە حكومەتی عێراق دەكات نەبێتە هاوكاری "سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک."
ئاوێنە: کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی کۆبونەوەی باڵای نێوان توركیاو عێراق بڵاوكردەوە.
كەجەكە وتویەتی"تورکیا و عێراق چوارەم کۆبونەوەی خۆیان لە ژێر ناونیشانی ”ڕێکاری ئەمنی ئاست بەرز” لە ئەنقەرە ئەنجامدا، لەلایەن عێراقەوە وەزیری بەرگری و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەزیری ناوخۆ لەسەر پشکی پارتی بەشدارییان لە کۆبونەوەکەدا کرد و ئەوەش دەریخست کە کۆبونەوەکە بە چ ئامانج و ڕۆژەڤێک سازکراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە"دوای کۆبونەوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق کە لە پشکی پارتییە فواد حسێن وتی: هەر هەڕەشەیەک کە لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ مایەی قبوڵ کردن نییە و ئەمەش بنەما و پرەسیپێکی ئێمەیە، فواد حسێن لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی، “ئەوە بە واتای پاراستنی دەسەڵاتداری عێراقیشە”، واتە لە ڕوانگەی فواد حسێن و حکومەتی عێراقەوە هەرچەندە ناویشیان نەهێنابێت، پەکەکە وەک مەترسییەک دەبینن، بەڵام پەکەکە هەرگیز لە دژی یاساکانی عێراق نەجوڵاوەتەوە، هەمو کات ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق و گەلانی بە بنەما گرتوە و بە هەندی وەرگرتون."
ئاماژەی بەوەشداوە"دەوڵەتی عێراق و گەلانی عێراقیش باش ئەوە دەزانن، پەکەکە بە قوربانیدانی گەورەوە لە دژی چەتەکانی داعشی فاشیست تێکۆشاوە، گەلانی عێراق و دەوڵەتی عێراق خۆیان شایەتی ئەوەن، لەبەر ئەوەیە کە گەلانی عێراق بەشێوەی دۆستانە مامەڵە لەگەڵ پەکەکە دەکەن و دوڵەتی عێراقیش سڵاوی ئاڕاستەی ئەو بەرخودانەی پەکەکە کردوە، ڕاستییەکە ئەمەیە، کەواتە چۆنە کە ئێستا کتوپڕ پەکەکە دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و بەو جۆرە دەبینرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ئاشکرایە حکومەتی عێراق لە خۆفریودانێکی گەورەدایە، خاکی عێراق بە سەدان و دەیان کیلۆمەتر کە لکێندراوەو داگیرکراوە، ئەوەی جوگرافیای باشوری کوردستان و وڵاتی عێراق دەسوتێنێ، بەتەواوەتی سیاسەتی لەناوبردنی سروشت جێبەجێدەکات، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی گەلانی هەرێمەکە دروستدەکات و ناسنامەی هاوڵاتیان دەپشکێنێ و دەستوەردان لە هەمو شتێک دەکات دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی لە موسڵ خاوەنداری لە داعش کرد، هێرشەکانی ئاڕاستەی سوریا و ڕۆژئاوا کرد ئەردۆغان و دەوڵەتی ئاکەپەیە، ئەوەی بەبێ ڕێگەپێدان و مۆڵەتی دەوڵەتی عێراق هێزی سەربازی ناردە بەعشیقە، وەک هێزێکی هەمیشەیی لە خاکی عێراقدا جێگیریکردون و لە ئێستاشدا هێزەکانی لە عێراقدا زیاتر دەکات خودی دەوڵەتی تورکە، دەوڵەتی عێراق ئەوەی کە نایەوێت هەمو ئەمانە ببینێت، بە مانای ڕازیبون دێت و بەتەواوەتی بێکاریگەر، ناچالاک و بێ هەڵوێست دەمێنێتەوە."
كەجەكە وتوشیەتی"هەڵبەتە ئەم دۆخەش بەگوێرەی حەقیقەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ-دەسەڵاتدار نییە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارێتی عێراق بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ئیمپریالیستەوە پێشێل کراوە، حکومەتی عێراقیش ئاگاداری ئەمەیە و دەتوانێت بە گوێرەی مافە یاساییە نێودەوڵەتییەکان هەڵسەنگاندی بۆ بکات و لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵوێست وەرگرێت، لە بری ئەوەی ئەم مافەی خۆی بەکاربهێنێت، لە ئێستادا لە بەغدا “ژوری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە دژی تیرۆر” دروستدەکات."
ئەوەشی وتوە"لەم کۆتاییانەشدا کۆبونەوەی لوتکەی ئاسایش لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، ئەو بڕیارانەی کە لەم کۆبونەوەیەدا دران، بە واتای پەسەندکردنی داگیرکارییەکانی تورک، هەمیشەییبونی داگیرکاری و پشتیوانیکردنی ئەمەیە، لێرەدا دەردەکەوێت کە حکومەتی عێراقی لەگەڵ دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەکات بە ئامانج، گەر لەسەرەتاوە دەوڵەتی عێراقی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان و دروستکردنی دەیان بارەگای قبوڵنەکردایە، ئەستەم بو وێڕای مافە نێودەوڵەتییەکانی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشەکانی زیاتر بکردایە و بەردەوام بوایە."
كەجەكە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"بانگەواز لە حکومەتی عێراق دەکەین نەبنە هاوکاری سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک و پێویستە بایەخ بدات بە پەیوەندییە دۆستایەتییەکان بە ڕوانگەیەک کە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق بە بنەما بگرێت."