شاندێکی ١٥ کەسی عێراق بۆ وردبینی لیستی مووچە و داهاتەکان سەردانی هەرێم دەکات
  2024-08-16       341       

بڕیارە چاودێری دارایی عێراق لیژنەیەک بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچە و خەرجی و داهاتی سێ مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و لێکۆڵینەوە لە داهاتی نەوتى و نا نەوتى هەرێم دەکەن.

بەپێی نوسراوێکی د.عامر سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کە رۆژی ١٥ـی ئەم مانگە دەرچووە و ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە، لیژنەیەکی ١٥ کەسی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن لە چوارچێوەی کارەکانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی وردبینیکردن لە لیستی مووچە و خەرجی و داهاتەکانی هەرێم.

لیژنەکە وردبینی لە لیستی مووچە و خەرجی و داهاتی سێ مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان دەکەن و لێکۆڵینەوە لە داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان دەکەن.

حکومەتى هەرێم تا ئێستا سێ مانگ داهاتى ناوخۆی ڕەوانەى بەغدا کردوە، کە زۆرترین بڕی ٨٥ ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا بەپێی زانیاری و ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، داهاتى نا نەوتی هەرێم سەروو ترلیۆنێک دینارە، بەو پێیەش هەرێم زۆر کەمتر لە ٥٠% ڕادەستى بەغدا دەکات.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق هەفتەى ڕابردوو لە کۆبوونەوەىدا لەگەڵ لیژنەى دارایی عێراق ڕایگەیاندوە، حکومەتى هەرێم داهاتى نەوت و نانەوتى ڕادەستی بەغدا نەکردوە ، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک ڕەوانەى هەرێم دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×