دەنگی ئەمریكا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاویكردۆتەوە، پڕچەککردن و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن و نیوەی خاڵەکانی لێكتێگەشتنی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە جێبەجێکراون کە جێگەی ڕەزامەندی هاوپەیمانانە، دەشڵێت، پێدانی سیستەمی پاتریۆت و بەرگری بە پێشمەرگە لە کۆنگرێس قبوڵکراوەو بڕیاری لێدراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە دەست وەزارەتەکەیان.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی نێوان پێشمەرگە و پنتاگۆن، هەمو جۆرە هاوکارییەکی لۆجستی ڕاوێژکاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بۆیە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە بەردەوامە."
وتیشی،" حکومەتی هەرێم پێشتر داوای کردبو ئەمەریکا سیستەمی پاتریۆت یان سیستەمی بەرگری بداتە هەرێمی کوردستان، بۆ وەستانەوە دژی ئەو موشەکانەی لە هەرێمی کوردستان دەدرێت، دیارە ئەو داواکارییە تاوتوێ کرا و درا بە پنتاگۆن ئینجا درا بە کۆنگرێس بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، ئێستا بڕیاری لێدراوە و پڕۆژەکە قبوڵکراوە، بەڵام سیستەمەکە نەگەیشتۆتە هەرێمی کوردستان."
رۆژی 13ی ئەم مانگە، گۆڤاری فۆربس (Fourbs )ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، ئەمەریکا هەوڵدەدات هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەجیا لەحکومەتی فیدراڵی عێراق پڕچەک بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی گۆڤارەکە بێت،" ئەمەریکا سەرەتای ئەم مانگە تۆپخانەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکردوە، بەشێوەیەک لە 6ی ئەم مانگەدا پێشمەرگە تۆپی هاوەرتزی 105 ملیمی ئەمریکی وەرگرتوە و ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی 36 تۆپخانەی ئێم 119 بۆ تەیارکردنی دو کەتیبەی تۆپخانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 2017ەوە، هەروەک سوپای ئەمریکاش ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ پێشمەرگە گواستوەتەوە کە بریتین لە هامڤی و بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی دژە مین."
لەو بارەیەوە سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە وتی،"ئەمەریکییەکان دوبارەی دەکەنەوە کە لە کۆمەکی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بەو مەرجەی پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بەردەوام بێت، لە دوایین کۆبونەوەی فەرماندەی باڵای ڕاويژکاری سەربازی کە ئەمەریکییە لەگەڵ تیمی ئۆفیسی هەماهەنگی هاریکاری ئاسایش لە كونسوڵخانەی هەولێر لەگەڵ تیمی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبونەوە و ڕایانگەیاند، کە دڵخۆشن بەوەی زیاتر لەنیوەی خاڵەکانی لێکتێگەشتنی نێوان هەردولا جێبەجێکراوە نیوەکەی تریش لەم دوساڵەی کە ماوە هەوڵ دەدرێت جێبەجێ بکرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لاپەڕەی فەرمی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا رایگەیاند،"دوێنێ کەلوپەلی سەربازیی گرنگمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەوەش دەرخەری قۆناغێکی گرنگی بونیادنانی توانای هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەم چەکانە دەبنە ئامڕاز بۆ باشترکردنی توانای گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاساییش و دڵنیاییدانە لە شکستپێهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق."
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016ەوە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.
وێرای لێکتێگەشتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکگرتنەوە و ڕێکخستنی ئەو هێزانە، بەڵام هاوپەیمانان چەندینجار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوەو بەرپرسانی هەرێمیش وتویانە ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکەی کردوە گەر ناکۆکییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامبن و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە جێبەجێ نەکرێن.
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانیان ڕایگەیاند،"دروستکردنی لیواکان بەردەوامە لە 12 لیواوە بوە بە 30 لیوا."
وتیشی،"هەمو وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر 9 فرقەدا دابەشدەکرێت، لە ئێستادا 4 فرقە دروستکراوە و 5 فرقەی تر ماوە، لەو چوارە دوانی دەستبەکار بون و دوانی تریش میلاکاتیان ڕێکخراوە، ماوەتەوە دەستبەکار بن، ئەم دو ساڵەش کە ماوە لە لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئێمەو هاوپەیمانان هێزەکانی تریش ڕێکدەخرێن."