گۆڤاری فۆربسى ئەمریکى بڵاویکردووەتەوە، سەرەتایی مانگی ئابی 2024، ئەمریکا تۆپهاوێژی هاویتزەری رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و دەڵێت، ئەمریکا پلانی هەیە چەکی بەرگریی ئاسمانیی بۆ پێشمەرگە دابین بکات، بەڵام پێناچێت بەغداد بەو هەنگاوە رازیبێت.
ئاوێنه: بەگوێرەى گوڤارەکە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، رۆژی 6ـی ئابی 2024، تۆپهاوێژی هاوتەرزی ئەمریکییان لە جۆری M119ـی 105 ملم لە رێوڕەسمێکدا پێدراوە.
هاوکات مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ستایشی رادەستکردنی ئەو چەکانەی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و رایگەیاندووە "رادەستکردنی ئەو چەکانە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بونیاتنانی تواناکانی هێزی پێشمەرگە".
گۆڤاری فۆربس ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای هێزەکانی پێشمەرگە لە بوارى ئاسمانیدا زۆر لاوازە و تەنیا چەند هێلیکۆپتەرێکی بچووکیان هەیە و هیچ فڕۆکەیەکی شەڕکەر و درۆنێکی جەنگییان نییە.
دەشڵێت، دابینکردنی درۆنی چاودێریی یاخود ئەو درۆنانەی توانای هەڵگرتنی تەقەمەنی بچووکیان هەیە، هاوشێوەی ئەو درۆنانەی لە ئۆکرانیا بەکاردێت، دەکرێت لانیکەم قەرەبووی ئەو کەموکوڕییانەی هێزی پێشمەرگە بکاتەوە.
گۆڤارەکە باسیلەوەشکردووە، بەگوێرەى یاسایی رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکراوە، بڕگەیەکی تێدایە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێناچێت حکومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت، واشنتن چەکی لەو جۆرە بە پێشمەرگە بدات.