وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازیی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆتەوەو عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە كۆبونەوەكەدا وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم بەشداربوەو كێشەی بازگەكانی نێوان هەرێم و ناوچەكانی تری عێراقی گەیاندۆتە سودانی.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم و ئەندامی ئەنجومەنەکە، لە بەغدا بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازیی عێراقی کردو کێشەی بازگەکانی نێوان هەرێم و ناوچەکانی تری عێراقی بۆ گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم گەیاندە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ.
كۆبونەوەكە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنەكەیە بەڕێوەچوەو تێیدا هەریەکە لە وەزیری نەوت و وەزیری بازرگانی و وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و وەزیری کارەبای حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئامادەبون كەن ئەندامی ئەنجومەنەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بریکاری وەزارەتەكەیان لە کۆبونەوەکەدا "بە وردی باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان کردو پێشنیاری چارەسەری بۆ هەریەکە لە کێشەو گرفتەکان خستەڕو کە گرنگترینیان بریتی بون لە:
1.ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانەی کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ پێشکەش بە کارگەکانی کەرتی پیشەسازی دەکات کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە لە بواری سوتەمەنی و نەوتی ڕەش کە پێداویستییەکی سەرەکی و ڕۆژانەی کاری بەشێکی زۆری کارگەکانی بواری پیشەسازین.
2.لەبواری قەرزی پیشەسازی: پێشنیاری ئەوەیکرد لە داهاتودا قەرزی پیشەسازی بە خاوەنکارو ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەیانەوێت کارگە دابمەزرێنن، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوەو داوای کردنەوەی لقی بانکی پیشەسازی لەهەرێمی کوردستانی کرد.
3.لە بواری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ: ڕونکردنەوەی پێویستی دا کە ناڕێکییەکی زۆر لە زۆربەی دەروازە سنورییەکانی عێراق هەیە بە هاتنە ناوەوەی کاڵای خراپ و کوالێتی نزم لە کاتێکدا خۆمان خاوەن کارگەی زۆر باشین و دەتوانن بە کوالێتی زۆر بەرزتر و بە نرخێکی گونجاوتر هەمان جۆری ئەو کاڵایانە بەرهەمبهێنن کە خواست و داواکاری تەواوی بازاڕی عێراق پڕ دەکەنەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەمەش وایکردوە کە زیانی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی ناوخۆ بگەیەنێت کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی دەروازەکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کاڵای کوالیتی نزم.
4.لە بواری ووزەی کارەبا: داواکاری ئاڕاستەی وەزیری کارەبای حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرد کە لە بە بازاڕکردنی بەرهەمی کارگەکانی بواری پێداویستی کارەبایی ڕەچاوی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت کە خاوەن کارگەی زۆر باشن لەو بوارە و لە کاتی دروستکردنی شارو ناوچە پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەوای هەرێم بکەن لە دابینکردنی پێداویستی کارەبا لە بواری محاویلات و پێداویستییە سەردەمیەکان کە پێویستە هەبن لە هەر شارو ناوچەیەکی پیشەسازی و باس لە بەشداریکردنی هەرێم کرا لەو فەندو پاڵپشتیانەی کە دەکرێت لەبواری پیشەسازی کارەبا.
5. پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ: بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکان پێشنیاری کرد کە لە ئامادەکردنی تەندەر بۆ هەر پرۆژەیەکی حکومی لە وەزارەتە جیاوازەکان لەبواری بیناسازی و خۆراکی ئەو بڕگە زیاد بکرێت کە لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێداویستییەکان لە بەرهەمی ناوخۆ بەکاربهێنرێت لە حاڵەتی نەبونی ئەو جۆرە لە بەرهەمی ناوخۆ ئەوکاتە پەناببرێتە بەر هێنانی کەرەستەی بیانی و ئەوە بکرێتە مەرجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمیانی ئەو دیدارەدا بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق گرفت و ڕێگریکردنی بازگەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵی باسکرد کە ڕێگری لە هەناردەی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان دەکەن بە بیانوی نەبونی مۆڵەت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کە کاریگەری خراپ لەسەر کارگەکانی هەرێمی کورستان دروست دەکات و پێچەوانەی دەستوری عێراقی فیدراڵە لەبەرئەوەی کارگەکانی بواری پیشەسازی مۆڵەتی فەرمیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوەو ناکرێت بە بیانوی دەرهێنانی مۆڵەتی نوێ لەوەزارەتی پیشەسازی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و گواستنەوەی دۆسیەکانیان بۆ بەغدا ڕێگری لە ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوخۆی عێراق بکرێت.
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق لای خۆیەوە بەڵێنی بەدواداچونی وردی لەسەر بابەتەکەو پێداچونەوەی بە پەلەی بڕیارەکەی دا.