وەزارەتی رۆشنبیری رونكردنەوە لە بارەی راگرتنی پەخشی چەند كەناڵێك دەدات
  2024-08-14       487       

دوای ئەوەی راگرتنی پەخشی كەناڵی ئێن ئاڕتی چواری ئایینی و كەناڵەكانی سپێدەو سپێدە دراما لە ئامێرە ناوخۆییەكان ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، ئەوان بڕیاری داخستنی هیچ كەناڵێكیان نەداوە، هەر كەناڵێك لە ئێستادا راگیرابێت، دیارە مۆڵەتی نییە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، كەناڵی ئێن ئاڕ تی چواری ئایینی لە راگەیەندراوێكدا وتی"پارتی پەخشی كەناڵی ئێن ئاڕ تی چواری ئایینی لە ئامێرە ناوخۆییەكانی سنوری هەولێر راگرت بە بیانوی ئەوەی مۆڵەت بە كەناڵی ئایینی نادات."

دوابەدوای ئەوەش بەشێک لە زانایانی ئاینیی هەرێم دژ بە راگرتنی پەخشی ناوخۆیی ئێن ئاڕ تی چوار، راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتوە، بە توندی ئیدانەی داخستنی پەخشی کەناڵەكە دەکەن. دەشڵێن، "کەناڵی NRT4 جوانیەکانی ژیان و ئایین پێشکەش بە کۆمەڵگەکەمان دەکات".

پاش ئەوەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەناڵی ئاسمانی سپێدە لە راگەیەندراوێكدا وتی، "به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێش وه‌خته‌ و بونی كات و ساتێكی دیاریكراو بۆ راگرتنی په‌خشمان، وه‌زراه‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی ماوه‌ به‌سه‌رچوی هه‌رێم له‌ بڕیارێكی نایاساییدا په‌خشی كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ و كه‌ناڵی سپێده‌ درامای له‌ ئامێره‌ لۆكاڵیه‌كاندا راگرت."

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەناڵی سپێدە وتوشیەتی"ئه‌م بریاره‌ كه‌ له‌ژێر ناوی نه‌بونی مۆڵه‌تدا دراوه‌ به‌شێكه‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می ماوه‌به‌سه‌رچو ده‌یكات به‌رامبه‌ر ده‌نگ و ره‌نگی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌خنه‌گر له‌هه‌رێمی كوردستان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ په‌خشی به‌رده‌وامه‌ ومۆڵه‌تی له‌ ( ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق) هه‌یه‌ و مۆڵه‌تی له‌ هه‌رێمیشدا پێشكه‌شكردوه،‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ناڵی سپێده‌ میدیای فه‌رمی حیزبێكی رێگه‌پێدراوی سیاسیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ پێی یاسای پارته‌ سیاسییه‌كان، هه‌مو پارتێكی سیاسی مافی هه‌یه‌ ده‌زگای راگه‌یاندنی هه‌بێت،."

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا وتی، وەزارەتەكەیان بڕیاری داخستنی هیچ كەناڵێكی نەداوە.

هەروەها وتوشیەتی، وەزارەتەكەیان بۆ پەخشكردنەوەی كەناڵە ناوخۆییەكان بەدابینكردنی خزمەتگوزاری فریكوێنسی، مۆڵەتی بە چەند كۆمپانیایەك داوەو داوایان لەو كۆمپانیایانە كردوە كە نابێت هیچ كەناڵێكی ناوخۆیی بەبێ مۆڵەت پەخش بكەنەوە، هەر كەناڵێك لە ئێستادا ئەگەر پەخشەكەی لە ریسیڤەری خزمەتگوزاری كۆمپانیاكان دەرهاتبێت و راگیرابێت، دیارە مۆڵەتی نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×