"هێزە ئەمنییەکانی دهۆک بە چەک پەلاماری خانەوادەی شەهید وەدات دەدەن و رۆژنامەنوسێک بەئەشکەنجەوە دەڕفێنن"
  2024-08-13       470       

ئەیهان سەعید، رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە هەشتەمین ساڵیادی تیرۆكردنی شەهید وەدات حسێندا، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك بە چەك پەلاماری خانەوادەی ئەو رۆژنامەنوسە تیرۆركراوەیان داوە كاتێك ویستویانە لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەكانی بچنە سەر گۆڕەكەی و رۆژنامەنوسێكیشیان بە ئەشكەنجەوە رفاندوە.

ئاوێنە: ئەیهان سەعید، رۆژنامەنوس و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتی رایگەیاند"‎ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٣٠ ئێوارە خانەوادەی رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو وەدات دهۆکی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی بادینان بە مەبەستی بەرێوەچونی هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن سەردانی گورستانی شاخکێی دهۆکیان کرد، بەڵام بە ھێنانی ژماریەکی زۆر لە ھێزە ئەمنیەکانی ئاسایش، زێرەڤانی، مکافحە، ئاسایشی مەدەنی، پولیس رێگریان لە بەرێوەچونی رێورەسمەکە کرد و رێگەشیان نەدا خانەوادە و هاوپیشەکانی شەهید وەدات بچنە نێو گۆرستانەکە و تاجەگوڵێنە لەسەر کێلی گوڕەکە دابنێن."

‎ئەیهان سەعید وتوشیەتی"دوای سوربونی خانەوادەی شەهید وەدات و چالاکوانان هێزە ئەمنییەکان بەڕێگای چەک و توندوتیژی روبەڕویان بونەوە و بە قوناغی کلاشینکۆف پەلاماری خوشکێکی رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو درا، هەروەها رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی بە لێدان و ئەشکەنجەوە و خوێنەوە ڕفێنڕا."

ئەو بەرگریكارەی مافەكانی مرۆڤ وتوشیەتی"پەلاماردانی دایک و خوشکی شەهیدانی قەڵەم پێشڵکردنی هەمو یاسا و بەها و پرەنسیپە ئەخلاقیەکانە، کە دوای تیرۆرکردنی هاوپیشەکانمان پەلاماری گوڕەکانیشیان دەدرێت."

ئەیهان سەعید، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەرپرسی ئەو رەفتارانەی هێزە ئەمنییەكان دەزانێت و وتویەتی"پێویستە مەسرور بارزانی واز بێنیت لەم ئەقلیەتە پۆلیسییە و فۆبیا لە ئازادی…کە چێژ لە ئەشکەنجەدانی رۆژنامەنوس، چالاک و تەنانەت ژنان و دایکانی خانەوادەی شەهیدان دەبینێت."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر خۆدی مەسرور بارزانی سەرۆکی پێشوی دەزگای پاراستنی و سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچوەکەی ئێستا و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بکەری تیرۆرکردنی شەھید وەدات نین، بۆچی تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیرنەکراوە و  بکۆژ ئازادن و رێگرن لە خەڵک و ھاوڕێکانی بچنە سەر گوڕەکەی و دوای تیرۆرکردنمان گوڕیشمان لێ قەدەغە دەکرێت."

هەر ئەمشەو، برایەكی شەهید وەدات حسێن لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێكی ئەمنی رێگەیان نەدا ئێمەی كەسوكاری وەدات و هاوڕێیانی و چالاكوانان بچینە سەر گۆڕەكەی، توندوتیژی و بێڕێزییەكی زۆرمان بەرامبەر كرا، خوشكێكم برینداركرا، چالاكوان ئومێد بەرۆشكی برینداركراو دەستگیركرا، دوای چەند سەعاتێك ئازادكرا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×