ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری سلێمانی رێوڕەسمی هەشتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەداد حسێن، پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە دهۆک، بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنوسان و ئازادییخوازان و چالاكوانان بەڕێوەچو.
ئاوێنە: لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا، پەیامی خانەوادەی شەهیدی قەڵەم رۆژنامەنوس وەداد حسێن خوێندرایەوە، تێیدا سوپاسی هەمو ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوس و هاوڵاتیانەیان كرد كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان یادی تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنوسەیان كردۆتەوە.
خانەوادەكەی لە پەیامەكەیان وتیان "ئه‌مه ماوه‌ی هەشت ساڵه له‌سه‌ر تیرۆری ناجوامێرانه و دڕندانه‌ی ڕۆژنامه‌وان وه‌دات حسێن تێپه‌ر ده‌بێت، له ڕۆژێكی وەک ئەمڕۆدا لە ١٣ـی ئاب كاتژمێر ٩ بۆ ١٠ـی به‌یانی له شه‌قامێكی سه‌ره‌كی و پڕ هاتوچۆی دهۆك، وه‌دات حسێن له‌به‌ر چاو‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر و له‌به‌ر چاو‌ی سه‌دان كامێرای چاودێریی ڕفێنرا و دوای ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر شه‌هید كرا و به‌بێ ئەوەی هیچ كه‌سێک له‌و ڕۆژه‌وه تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه نامرۆڤانه‌یه ده‌ستگیر بكرێت یان لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا بكرێت."
لە پەیامەكەدا ئەوەش هاتوە"كه‌واتە لێره‌دا هیچ گومانێك نامێنێت كه ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات كراوه یاخود له‌ژێر چاودێریی ئه‌واندا ئه‌م تیرۆره ترسنۆكانه ئه‌نجامدراوه و دواتریش هه‌مو به‌ڵگه‌كان په‌رده‌پۆش كراوه."
خانەوادەكەی ئاماژەیان بەوەشدا "ئه‌وه‌ی جێگای داخێكی زۆره، گۆڕینی ڕا و بۆچونی دو له براكانمانە له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه، كه به‌داخه‌وه ئه‌مه له نییه‌تێكی به‌رژه‌وه‌ندییخوازانەی شه‌خسی زیاتر نییه و ته‌نیا به‌هۆی ئه‌ندامبونیانه له‌ناو ئه‌م حزبە تاوانباره‌و به‌هۆی سڵكردن له‌سه‌ر هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی زۆر بچوك و بێ به‌ها بوه، به‌ڵام ئه‌وی ڕاستییه ته‌واوی بنه‌ماڵه‌كه‌مان داكۆكیكاری خوێنی كوڕه‌كه‌یانن، هه‌رچه‌نده وه‌دات موڵكی ئێمه نییه و نرخ و به‌هایه‌كی نیشتمانیی و جیهانیی و ده‌نگی ئازادیی ڕۆژنامه‌وانییه و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌سه‌ر خوێنی بازاڕ و بازرگانی بكات و ئه‌مه كارێكی دوره له ڕه‌وشت و ئه‌خلاقی كوردایه‌تی و هه‌میش مرۆڤایه‌تی."
خانەوادەكەی وەداد جەختیشان كردەوە كە "له ڕۆژی سه‌ره‌تا چۆن داكۆكیمان له ماف و خوێنی شه‌هید وه‌دات كردوه تا ئێستاش به هه‌مان گه‌رم و گوڕییەوە به‌رده‌وامین و داوا له‌سه‌رجه‌م ڕێكخراوه مرۆییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی و ته‌واوی ئازادییخوازانی مافی مرۆڤ و دۆزی كورد ده‌كه‌ین، به ئه‌ركی ویژدانی خۆیان هه‌ڵسن و وه‌ك پێشتر له‌سه‌ر خوێنی ئه‌م ڕۆژنامه‌نوسه، كه به ناحه‌ق و نامەردانە تیرۆركراوه، به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر داكۆكیكردنیان."
دوای بەدوای ئەوەش لە رێوڕەسمەكەدا پەیامی ئاژانسی رۆژنیوز خوێندرایەوەو تێیدا هاتوە"پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دوێنێ وەدات حسێن ڕۆژنامەنوسی ئازا و ئازادییخوازی ئاژانسەکەمان-یان، بە دڕندانەترین شێوە تیرۆر کرد، ئەمڕۆش ٢٩٤ ڕۆژە ڕۆژنامەنوس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان سلێمان ئەحمەدیان بەبێ هیچ تۆمەت و تاوانێک ڕفاندوە، هەروەها دوای ٢١١ ڕۆژ ڕێگەیان بە پارێزەرەکانی دا سەردانی بکەن، دواجاریش بە تۆمەتێکی ناڕەوا پارتی ڕۆژى ٢٩ـی تەموزی ئەمساڵ، لە دادگایەکی پڕ لە فرت و فێڵدا، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێک ساغبێتەوە بەسەریدا، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند."
ئاژانسی رۆژنیوز لە پەیامەكەیدا وتیشی"بەڵام لە پاش هەشت ساڵ، هەمان ئەو دادگایە لە بەرانبەر تیرۆرێکی ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕوناک، لەگەڵ هەبونی دەیان بەڵگە و دەلیل، هێشتا پەیڤێکی نوێی لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێن نەدرکاندوە، بکوژانی دەستگیرنەکراون و کەیسەکەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراوە، بەڵام لای ئێمە و هەمو ئازادییخوازان بە کراوەیی ماوەتەوە و هەرگیز بێهیوا نابین و کۆڵنادەین، تا ئەوکاتەی تاوانباران لە دادگایەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەدا بەسزای خۆیان دەگەن."
هەروەها لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكە پەیامی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان خوێندرایەوەو تێیدا هاتوە"ئەمڕۆ یادی یەكێك لە رێكخراوترین و قێزەونترینی ئەو تاوانانە دەكەینەوە كە دەرهەق بە هاوڵاتی سڤیل و رۆژنامەنوسان كراوە."
لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان لە پەیامەكەیدا وتی"ئێمە لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە نیگەرانییەكی قوڵەوە دەڕوانینە ئەو تاوانە رێكخراوانەی كە تا ئەمڕۆش یەك تاوانبار تیایدا دەستگیر نەكراوە."
لای خۆیشییەوە دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە رێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەشكردو وتی"گرەوی دەسەڵات لەسەر ئەوە بو كە تێپەڕبونی كات یادكردنەوەی ئەم روداوانە لە یادەوەری گشتیدا دەسڕدرێنەوەو لەبیر خەڵك دەچنەوە."
ئەویش جەختی كردەوە كە "ئەو شوێنەی وەداد حسێنی لێ رفێندرا تا ئەو شوێنەی كە تەرمەكەی تێدا دۆزرایەوە بە دەیان كامێرای چاودێری لێبوە كە دەكرا سودیان لێ وەربگیرێت بۆ دۆزینەوەی بكەرانی ئەو تاوانە، بەڵام بەداخەوە ئەمانە هیچیان رویان نەدا."
وتیشی"هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بودجەیەكی زەبەلاحیان بۆ تەرخان كراوە لەسەر داهاتی گشتی و پارەی خەڵك و لەماوەی رابردودا توانیویانە دەیان تۆڕی تیرۆریستی گەورە بدۆزنەوەو تەنانەت زۆر پێش ئەنجامدانی تاوانەكان تۆڕەكانیان ئاشكراكردون و توانیویانە تیرۆیستان دەستگیربكەن، بەڵام لە كەیسەكانی رۆژنامەنوسان و تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەم هێزانە بێ دەسەڵات دەبن و هیچ دەسەڵاتێكیان نامێنێت بۆ ئەوەی بكەرانی ئەم تاوانانە بدۆزنەوە، ئەمەش گومانەكان گەورەتر دەكات بەوەی كە ئەوانەی لە پشت ئەم تاوانانەوەن كەسانی باڵادەست و دەستڕۆیشتون كە هێزە ئەمنییەكان و دەسەڵاتی دادگاكان ناتوانن هیچیان لەگەڵدا بكەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەن."
دیاری وتیشی"ئێمە لەكاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كە دوای رەخنەو ناڕەزایەتی زۆرێك لە رۆژنامەنوسان و رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان و هەروەها نوێنەرانی وڵاتان، ئومێدەواربوین لە هەرێمی كوردستان دۆخی رۆژنامەنوسان باشتر بێت و بەربەستەكانی بەردەم كاری میدیا‌و ئازادیی رۆژنامەوانی كەم بكرێنەوە بەڵام بەداخەوە ئەمانە هیچییان رویان نەدا. هەروەها دادگاكانیش گومانی گەورەیان لەسەر دروست بو بە تایبەت لە دادگاییكردنی كەیسی رۆژنامەنوسانی بادیناندا."
ئاماژەی بەوەشدا"ئەو هەمو فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەی كە هەبو پێمانوابو كە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم بەخۆیدا بچێتەوەو زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنێت بۆ رۆژنامەنوسان، بەڵام بەداخەوە كەیسی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ئەوەی سەلماند كە ئێمە هەڵەبوین و ئەم حكومەتە بەهیچ شێوازێك بیر لە ناوبانگ و سومعەی خۆی ناكاتەوەو گوێ بە هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكی نێوخۆیی و دەرەكی نادات."
ئەوەشی خستەڕو"لای رێكخراوەكان لای رۆژنامەنوسان لای ئازادیخوازان و خانەوادەكانیان كەیسی كراوەن، ئەمڕۆ دادگاكان ناتوانن ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕنەوە، دڵنیابن كە رۆژێك دێت دادگاكان سەربەخۆیی خۆیان وەردەگرن و ئەو كاتە ماف بۆ خاوەن مافەكان دەگێڕینەوە."