فەرمان حسێن، شارەزای کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، هاوڵاتیانی هەرێم لە ڕووی داراییەوە لە دۆخێکی خراپ دەژین ، مانگانە لای روون نییە مووچەكەی وەردەگرێت یان نا.
فەرمان حسێن، شارەزای کاروباری ئابووری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "بەغداد الیوم" ڕوونیکردەوە "هاوڵاتیی هەرێم گەرەنتی 5%ی نییە کە مووچەکەی وەربگرێت، هەر بۆیەش هەموو مانگێک لە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێی بەردەوام و ململانێی دەروونیدا دەژی، سەبارەت بەوەی ئایە مووچەکەی وەردەگرێت یان نا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵەڕاوکێ و وەرنەگرتنی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی بەردەوام، کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕەکان و ئابووری لە سەرانسەری شارەکانی هەرێمدا هەبووە." .
لەمبارەیەوە ، ڕۆژی پێنجشەممە (8ی ئابی 2024)، سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری سەرەکی پشت دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی پشت دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە، دامەزراندن و گرێبەستە نوێیەکانە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کراوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گەورەی کۆی مووچەی فەرمانبەران".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕیاریدا ناردنی ئەو بڕە پارەیە دوابخات تا ئەو کاتەی لیستەکان پشتڕاست دەکرێنەوە، هەروەها بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارەکانی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە، چونکە ئێستا كۆی مووچەی فەرمانبەران یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا پێشتر (900) ملیار دینار بووە.