مامۆستایانی وانەبێژى پشدەر، ڕایانگەیاند، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان جەخت لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەى بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن لە وەرزى نوێی خوێندن دەکەینەوە، دەشڵێن، بەڵینەکانى حکومەت تەنها نووسراوى سەر کاغەز بوون.
ئاوێنە: ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەرین، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەوانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، لە ئەگەری جێبەجێبەکردنی داواکارییەکانماندا دووبارە دەست دەکەینەوە بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.
لەوبارەوە هێمن عەلی لەسەر ناوی مامۆستایانی وانەبێژ ڕاگەیاندراوێکی خوێندووە و وتی: وەک دەزانرێت تەنها یەک مانگ ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەڵام تا ئێستا و بە کرداری وەڵامی هیچ داواکارییەکی مامۆستایان و بەتایبەت داواکاری سەرەکی مامۆستایانی وانەبێژ نەدراوەتەوە.
وتیشى، ساڵی ڕابردوو وەزیری پەروەردە وتی، بڕیاری دامەزراندنی وانەبێژان دراوە و دواتر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەستەوە بە پەسەند کردنی بودجەی عێراق، بەڵام ئێستا لە دوای پەسەندکردنی بودجەش بریاری دامەزراندنی وانەبێژان نەدراوە.
ئەوەشى خستەڕوو، ڕوو لە دەسەڵاتداران و کەسوکاری خوێندکاران دەکەین، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانماندا ئەمساڵیش وەکو ساڵی ڕابردوو ساڵی هەڵوێست وەردەگرن و بایکۆت دەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەڵینەکانى حکومەت تەنها نووسراوى سەر کاغەز بوون.
لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان بزانن کە داواکانی ئێمە ڕەوان و داواکانمان سیاسی نین و ناشمانەوێت سیاسیانە مامەڵەی پێوەبکرێت، بۆیە پێویستە پێش دەستپێکى ساڵی نوێی خوێندن وەڵامی داواکارییەکانمان بدەنەوە.