ژنێک بەهۆی “حجاب”ەوە تەقەی لێ دەکرێت و ئیفلیج دەبێت
  2024-08-13       2101       

هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پاساوی پابەند نەبوون بە یاسای “حجابی زۆرەملێ” تەقەیان لە ژێنک کردووە، کە بەهۆیەوە ئیفلیج بووە.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵێکی تۆڕی بی بی سی بەریتانیی، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ بەناوی “ئارەزوو بەدری” کە دایکی دوو منداڵە، ڕۆژی ٢٢ـی مانگی ڕابردوو لەگەڵ خوشکەکەی لە شاری نور لە باکووری ئێران، لە ڕێگەی ڕۆشتنەوەی بۆ ماڵەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی، هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی پابەند نەبوون بە یاسای “حجابی زۆرەملێ” ویستوویانە ڕایبگرن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا بگرن.

دەربارەی ڕووداوەکە فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی شاری نور بەبێ ناوهێنانی ژنەکە و وردەکاری زیاتری ڕووداوەکە، بە میدیای دەوڵەتی ڕاگەیاندبووە “شۆفێرەکە ڕانەوەستاوە و بۆیە هێزەکان ناچاربوون تەقەی لێ بکەن”.

بەپێی زانیارییەکانی بی بی سی لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا گوللـەیەک بەر دڕکە پەتکی ئارەزوو کەوتووە و لە ئەنجامدا بێهۆش بووە، پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ١٠ ڕۆژ، پزیشکەکان توانیویانە گوللـەکە دەربهێنن.

لە ئێستادا ئارەزوو بە تەواویی توانای جوڵاندنی قاچەکانی لەدەستداوە و بە وتەی پزیشکەکانیش چەند مانگێکی دیکە بۆیان دەردەکەوێت، کە داخۆ بەشێوەیەکی کاتیی توانای ڕۆشتنی لە دەستداوە یاخود بە هەمیشەیی.

ڕووداوەکانی هێرشکردنە سەر ژنان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و پاش ژینا و ئارمیتا، ئارەزوو یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی کە مەترسی لەدەستدانی ژیانی لەسەرە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×