بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ناوشاری سلێمانی دانانرێت و ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن دورن لە راستییەوە.
ئاوێنە: عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، بە میدیای یەكێتی راگەیاند، لەسەرجەم رێگەکانی دەرەوەی شار کامێرای تۆمارکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت و هەفتەیەک پێش ئەوەی بکەونەکار، شۆفێرانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
وتیشی، لەگەڵ دانانی ئەو کامێرایانە بڕی خێرایی رێگەپێدراویش لەو رێگەیانە دیاری دەکەن بۆ ئەوەی شۆفێران ئاگاداری خێرایی دیاریکراوبن و سەرپێچی نەکەن.
لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ناوشار بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی وتی، هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی لەناو شار کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابنرێت و ئەو کامێرایانە بۆ ناوشار نابن و تەنیا کامێرای یەک خاڵ دانراون لە ئێستادا کاردەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە کامێراکانی بەشێک لە رێگەکانی ناوشار دەکرێن بە خاڵ بۆ خاڵ، بەڵام بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رەتیکردەوە و وتی: بەهیچ جۆرێک لە ناوشار دانانرێن.