كۆمپانیای لوفتهانزی ئەڵمانی بڕیاریدا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەولێر، تاران، بەیروت، عەممان و تەلئەبیب تاوەکو 21ی ئاب درێژ بکاتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسیی پێکدادانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ئاوێنە: کۆمپانیاکە لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتە، لەپێناو سەلامەتیی سەرنشینەکانی، فڕۆکەکانیان بۆ هیچ گەشتێکی دیکەش، ئاسمانی عێراق و ئێران بەکارناهێنن.
بڕیاری کۆمپانیاکە کە چەندین لقی لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا هەیە، لە کاتێکدایە کە مەترسیی فراوانبونی جەنگی غەززە و گۆڕانی بۆ جەنگێکی هەرێمی هەیە.
لوفتهانزا ئاماژەی بەوە کردوە، هەمو ئەوانەی بلیتیان بڕیوە و ناتوانن بەهۆی راگرتنەکەوە گەشت بکەن، دەتوانن بلیتەکە هەڵبوەشێننەوە و پارەکەیان وەربگرنەوە.