راگەیەندراوی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك
  2024-08-12       720       

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، ئەوەی لە رۆژی 10ـی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغداد كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لەسەر رێگەیەكی دروست نییە.

ئاوێنه‌: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، "سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، ئێمە هەر دوای راگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركوك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی راستەقینەی دانیشتووانی كەركوك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركوك و رەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد".

روونیشیكردووەتەوە، "لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركوك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركوك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێت چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت".

لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و حكومەتی خۆجێی كەركوك گوتەبێژی پارتی وتویەتی، "ئەوەی لە رۆژی 10ـی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغداد بۆ دانانی پارێزگار و حكومەتی خۆجێی كەركوك بەیێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لەسەر رێگەیەكی دروست نییە، پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێت ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركوك".

جەختی لەوەشكردووەتەوە، "چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و ساڕێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركوك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن، چارەسەر ئەوەیە تاكڕەوی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا بەشداربن".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×