ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق، حەوتەم دانیشتنى خۆى لەسەر سکاڵایەکی وەهاب مەجید باقى (وەهاب هەڵەبجەیی) بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانى، کۆدەبێتەوە.
سکاڵاکەى وەهاب هەڵەبجەیی کە هاوکات ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستانە، لەدژى سەرۆکی خولى پێنجەمى پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوەو داوادەکات بڕیار دەربکرێت بەنادەستوریبونی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری ژمارە (3)ی ساڵی 2006، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە.
یاساى بەرەنگاربونەوەى تیرۆر لەساڵى 2006 لەپەرلەمانى کوردستان پەسەندکرا، لەمادەى 17دا ئاماژە بەوەكراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بەیاساکە دەکرێت لەڕۆژى بڵاوکردنەوەى لەڕۆژنامەى وەقائیعەوە.
وەهاب هەڵەبجەیی لەسکاڵاکەیدا، ئامانجییەتى کە سەرجەم ئەو سزایانەی لەدادگاکانی هەولێر لەدژی ئەو دەرچون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
دادگای تاوانەکانی هەولێر، "بەتۆمەتی بەشداریکردن لەکوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان"، بەشێوەی نائامادەیی سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەییو ژمارەیەک ئەفسەرو کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانی دەرکرد.