راگه‌یه‌ندراوی‌ سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان له‌باره‌ی‌ "ئێستای کەرکوک"ەوە
  2024-08-11       517       
"بەئومێدەوە چاوەڕێن رێبوار تەها پارێزگاری هەمووان بێت‌و هەمووانیش پشتیوانی بن"


سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم داوای‌ دەستپێکردنی گفتوگۆی هاوبەشی کوردی لەلایەک‌و کوردی‌و تورکمانی‌و عەرەبی لەلایەکی تر ده‌كات‌و ده‌ڵێت، ئه‌و گفتوگۆیه‌ بكرێته‌ سەرەتای کۆتایهێنان بەدیاردەی خۆسەپاندن‌و فەرامۆشکردنی پێکهاتەکان.

ئاوێنه‌: فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ ئێستای‌ كه‌ركوك دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "ئێستا کاتی ئەوەیە دونیایەکی جیاوازتر نیشان بدرێت و جیاکاری و وتاری زبر ببنە بەشێک لەڕابردو، دەستپێکردنی گفتوگۆی هاوبەشی کوردی لەلایەک‌و کوردی‌و تورکمانی‌و عەرەبی لەلایەکی تر سەرەتای کۆتایهێنان ئەبێت بەدیاردەی خۆسەپاندن و فەرامۆشکردنی پێکهاتەکان".

ده‌شڵێت، "گەشەپێدان و برایەتی وپێکەوە ژیان و پەراوێز نەخستنی هیچ پێکهاتەیەک وەک ئەوەی دژ بەکورد کرا دوای ۲٠۱۷ بنەمای هەنگاوەکانی داهاتوبێت و ئیستحقاق و بەرکەوتەی هەڵبژاردن نادیدە نەگیرێت".

فەهمی بورهان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ململانێ حیزبی جگەلەوەی زیانی گەورە لەنەتەوەکەمان ئەدات پێچەوانەی ئەو بنەمایانەشە کە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلەکەمان لەخوێن و قوربانی پێشکەشی کەرکوکیان کردووە، بۆیە دور لەبیری تەسکی حیزبایەتی پیرۆزبێت لەکەرکوکێکان، بەئومێدەوە چاوەڕێن بەڕێز (رێبوار تەها )پارێزگاری هەمووان بێت و هەمووانیش پشتیوانی بن."

شەوی‌ ڕابردو لەهۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەبەشداریی نۆ ئەندام (پێنج یەکێتی، سێ عەرەب‌و یەک کۆتای مەسیحی) ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک‌و محەمەد حافز لەهاوپەیمانی عەرەبی‌ وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردران.

لەکۆبونەوەکەدا حەوت ئەندام (سێ عەرەب، دو تورکمان‌و دو پارتی) ئامادەنەبون‌و ناڕه‌زایی ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×