تورکمانەکان کە خاوەنی دو کورسین لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەسەر بەرەی ئەرشەد ساڵحیو بەرەی حەسەن تۆران دابەشبون
وێڕای ئەوەی بەرەی تورکمانی دابەشكردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەشێکی تورکمانەکان بەنهێنی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی كوردستان ڕێککەوتونو پۆستی جێگری پارێزگار وەردەگرن.
ئاوێنه: شەوی ڕابردو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبەغدا بەبێ ئامادەبونی سێ لایەن کە خاوەنی حەوت کورسین (پارتی، پێکهاتەی تورکمانو هاوپەیمانیی عەرەبی) کۆبوەوەو تێیدا ڕێبوار تەها لەپشکی یەکێتی وەک پارێزگارو محەمەد حافز لەپێکهاتەی عەرەب وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران، جێگری پارێزگارو 17 پۆستی دیکەش بۆ پێکهاتەی تورکمان دیاریکران.
تورکمانەکان کە خاوەنی دو کورسین لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەسەر دو بەرە دابەشبون، بەرەی ئەرشەد ساڵحی و بەرەی حەسەن تۆران، لایەکیان دەڵێت دژ بەدابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکەیەو سکاڵا دەکەن، لایەکی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری شارەکەیە.
میدیای پارتی دهڵێت، ئەحمەد ڕەزمی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبەرەی تورکمانی، لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووە پۆستی جێگری پارێزگار وەربگرێت، بەڵام بەفشاری تورکمانەکان بەشداریی کۆبونەوەی شەوی ڕابردوی نەکردووە.
ئەمڕۆ یهكشهممه، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کۆبونەتەوە، بەڵام ئەحمەد ڕەمزی بەشداری نەکرد، ئەوەش بەوە لێکدەدرێتەوە کە بەدەر لەبەرەکەی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی کردووە.
شەوی ڕابردو کوتلەی عەرەبی لەکەرکوک کە خاوەنی شەش کورسییە بەسەر دو بەرە دابەشبو، سێ ئەندامیان بەشداریی کۆبونەوەکەیان کرد، بەڵام لەلایەن سێ ئەندامەکەی تر بە "خیانەتو ڕێککەوتنی ژێربەژێر" لەگەڵ یەکێتی تۆمەتبار کران.