سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدانو پەروەردە بهنیگهرانییهوه باس لهكاندیدهكانی پهرلهمان دهكاتو دهڵێت، بەشێک لەو کاندیدانەی کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی چالاکوانن یان تیک تۆکچین، لەسەر ئەو چالاکیانەی هەیانبووەو کۆمەڵگهیان بەلاڕیدا بردووەو نەشیاو بووە، پێویستە بدرێن بەدادگا نەک ببڕێنە پەرلەمان و ئەو سەکۆ پیرۆزەیان پیێشکەش بکرێت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بەلیستو كاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئهنجامدا، بهشێك لهكاندیده سهربهخۆكان كهسانی بێ ئهزمونو نهشارهزانو تهنها لهتۆڕهكۆمهڵایتییهكان چالاكن.
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدانو پەروەوەردە کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات ڕاگەیاند، " بەداخەوە کاری پەرلەمانتاری لەهەرێمی کوردستان له پاشەکشێدایە لەکاتێکدا دوای 33 ساڵ، دەبوو بەرەو پێشەوە برۆشتایەو پەرلەمانێکی بەهێزمان بوایە".
ناوبراو دهڵێت، "حیزبە سیاسیە باڵادەستەکان هەمیشە ویستیویانە بۆ مانەوەیان لەدەسەڵات پەرلەمانێکی لاواز هەبێت، بۆیە پەرلەمانیان بەم دەردە برد، بۆ ئەوەی بەهێز نەبێت و بەئەرکی خۆی هەڵنەستێت و نەتوانێت لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن حکومەت بکات کە خۆیانن بەم شێوازەی کە پێشووتر کاریان کردووە لەمەسەلەی یاسا شکێنیدا بەردەوام بن ئەمەش بێگومان بە پەرلەمانێکی لاواز دەکرێت، پەرلەمانی لاوازیش بەشێکی پێویستی بە پەرلەمانتاری لاوازە."
وتیشی، "ئەوەی دەیبنین لە لیستی حزبەکان کاندیدەکانیان وەکو پێویست نین، لەسەربەخۆکانیش کە خۆیان کاندیکردووە ئەتوانم بڵێم زۆرینەیان لەو ئاستەدا نین، چونکە بەشێکی هەرە زۆریان یان تیک تۆکچین یان هونەرمەندن یان چالاکوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەش لە وەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەڕۆژگارێکداین حیزبە باڵادەستەکان کاری پەرلەمانتاریان لە ئەرکەوە گۆڕیوە بۆ ئیمتیاز، نەدەهاتن کاندیدی بەهێزیان هەبێت و کەسانی پسپۆرو لێهاتوو، بەڵکو وەک ئیمتیازێک دەیانبەخشیەوە بە منداڵی شەهید و هەندێک کادری خۆیان و دەیان وت با سود مەندبن."
لهدرێژهی لێدوانهكیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەروەر عەبدولڕەحمان ڕاشیگەیاندووه، "پەرلەمان شوێنی بڕیاردانە هەم بەپێ یاساو هەم بەپێی عورفیش بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی خەڵکی کوردستانە، بۆ یەکلا کردنەوەی پرسە چارەنوسازەکان بۆیە پێویستە کەسانی بەهێزی تیدابێت بەو مانایەی کەسانی پسپیۆر و شارەزای تێدابێت و بتوانێت یاسا دابڕژێت و بتوانێت لە پرسە چارەنوسازەکان بڕیار بدات."
دهشڵێت، "بەشێک لەو کاندیدانەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی چالاکوانن یان تیکۆک چین، لەسەر ئەو چالاکیانەی کە هەیانبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نەشیاو بووە، پێویستە بدرێن بەدادگا کە کۆمەڵگهیان بەلاڕیدا بردووە، چ جا ئەوەی ببڕێنە پەرلەمان و ئەو سکۆ پیرۆزەیان پیێشکەش بکرێت."