جەعفەر شێخ مستەفا: لە زۆر ناوچەی هەرێم داعش مەفرەزەی بچوكی هەیە
  2024-08-10       965       

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، داعش شانه‌ی نوستوی له‌ شاره‌كان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌و دەشڵێت، "پێموایە لە زۆر شوێنی تریش ئەوانە مەفرەزەیان هەیە و پێویستمان بەوەیە لەمەودوا بەوردی شوێنەكانیان دیاری بكەین."

ئاوێنە: جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لەبارەی روداوەكەی دوێنێی ناوچەی قەرەداغ كە تێیدا دو كارمەندی هێزە ئەمنییەكان شەهیدكران، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، وتی"داعش ئەمڕۆ بەشێوەی مەفرەزەی بچوك لە زۆر ناوچە كە بۆشایی ئەمنی هەیە توانیویەتی سودی لێوەربگرێت، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەكان، قۆپی قەرەداغ شاخێكی گەورەی سەختەو ئاوەدانیش نییە، لەبەرئەوە توانراوە سود لەو شاخە وەربگرن و لەوێ تونێل یان هەندێك جێگەی حەوانەوە بۆ خۆیان دروست بكەن."

وتیشی"من پێموایە لە زۆر شوێنی تریش ئەوانە مەفرەزەیان هەیە و پێویستمان بەوەیە لەمەودوا بەوردی شوێنەكانیان دیاری بكەین ئەوەش بەهاوكاری خەڵكی ناوچەكان، تاوەكو بتوانین ئەو هەڕەشەیەی هەیە لەسەر ئاسایشی خەڵكەكە نەیهێڵین."

شێخ جەعفەر لەبەشێكی دیكەی قسەكاندا بەدوری زانی ئەو كەسانە بۆ دزینی شوێنەوار چوبنە ئەو ناوچەیەو وتی"ئەوە دورە لە راستی، چونكە ئەوانەی بۆ شوێنەوار دەچن بەوشێوەیە تەقە ناكەن لە هێزە ئەمنییەكان بۆ كوشتن، ئەوەی بچێت بۆ دزینی شوێنەوار، رادەكات، تەقەش بكات بەوشێوەیە نییە. بۆیە بەدڵنیایی ئەوانە داعشن و شوێنی خۆیانیان چاك كردوەو كونیان دروست كردوەو مۆلیدەیان هەبوەو ئازوقەی لێ دانراوە، هەمو ئەو شتانە دەستیان بەسەردا گیراوە، لەبەرئەوە ئەوانە داعش و رەنگە شوێنی تریشیان هەبێت."

جێگری سەرۆكی هەرێم وتیشی"بەدڵنیایی داعش شانەی نوستوی هەم لە شارەكان و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەیە، تاوەكو ئێستا چەندین تۆڕی داعش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون."

لەگەڵ ئەوەش جەعفەر شێخ مستەفا وتی"مەحاڵە جارێكی دیكە داعش بتوانن وەكو هێزێكی گەورە شوێنێك داگیربكەن، بەڵام لەڕێگەی ئەو مەفرەزە بچوكانەوە، دەتوانن لە هەمو شوێنێكدا جێگەی خۆیان بكەنەوە."

ئاماژەی بەوەشدا "من پێموایە ئەم مەفرەزانەی داعش مەترسییان هەیەو دەشیانبێت، لەبەرئەوە پێویستمان بە خۆگورجكردنەوە و كێوماڵ هەیە لەو شوێنانە، هاوكات پێویستمان بە هاوكاری خەڵكی ناوچەكان هەیە كاتێك لە شوێنێكدا چەكدارێك دەبینین یان تونێلێك دەبینن ئاگاداری هێزە ئەمنییەكان بكەنەوە. پێویستە پلانی نوێشمان هەبێت لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×