یەكێتی هەوڵی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا دەدات و پارتی دەڵێت، بەشداری ناكەین
  2024-08-10       413       
دیمەنێكی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە 11ی تەمموزی 2024 بەڕێوەچو

میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویانكردەوە كە بڕیارە ئەمشەو شەممە، لە بەغدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە بەڕێوەبچێت. ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنەكە دەڵێت، بەشداری كۆبونەوەكە ناكەین.

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمشەو شەممە، ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغدا کۆدەبێتەوە و لەکۆبونەوەکەدا پۆستەکانى پارێزگاکە یەکلایی دەکرێنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشت بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نێردراوە.

بەڵام شۆخان حەسیب شوانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی پارتی، بە میدیای حزبەكەی وتوە، بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هۆتیل ڕەشید لە بەغدا ناکەین، چونکە دەبێت سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجومەن کاتی کۆبونەوە دیاری بکات و ئەو دەسەڵاتە هی ئەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تاکو ئێستا بەفەرمی هیچ بانگێشتنامەیەکمان بۆ نەهاتوە لەلایەن سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ بەشداری لەو کۆبونەوەیە.

هاوكات رەعد ساڵح جبوری، ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە میدیای پارتی وتوە "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک نییە کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن کۆبێتەوە."

رەعد ساڵح جبوری، وتوشیەتی، ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە هەن تەنیا قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و راشیگەیاندوە"رێککەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک نەکراوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی  پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك و جێگرەكانیان، بەڵام وەك دەردەكەوێت هێشتا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان كوتلە جیاوازەكاندا رانەگەیەندراوە.

یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 11ی مانگی رابردو بەڕێوەچو، بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، لەدوای یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاوە، پۆستەكانی پارێزگارو جێگرەكانی لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵدەبژێردرێن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×