كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتی هەرێم تاوتوێی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەكەن
  2024-07-18        

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەفدێكی كۆمپانیاكانی نەوت كۆبونەتەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە لەوانە، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پرۆسەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەربونی ئەو گرفتە.

ئاوێنە: ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیمان لە وەفدێکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت کرد کە پێکهاتبون لە جۆن هاریس، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، تۆفیق شاهین سەرۆکی کۆمپانیای کرێستینف، مات زایس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN، سرود موختار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای HKN لە عێراق.

ئومێد سەباح وتویەتی"لە کۆبونەوەکەدا پرسی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت و کارو چالاکییەکانی کێڵگە نەوتییەکان و کەرتی وزە ئاڵوگۆڕ کران."

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتوشیەتی"ھەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە گفتوگۆ و پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کرا و پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پرۆسەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەربونی ئەو گرفتە بیروڕایان لەبارەوە ئاڵۆگۆرکرا، هەردولا هاوڕابوین لەسەر بەردەوامبونی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ گەیشتن بەچارەسەر لە چوارچێوەی دەستور، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەربونی ئەو پرسانەی هاتونەتە پێشەوە دوپاتکرایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×