دوو شه‌ممه‌, 31 ی ئازار , 2025
ئەمریكا داوا لە هاوڵاتیانی دەكات گەشت بۆ عێراق نەكەن
  2024-06-11       321       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات گەشت بۆ عێراق نەكەن. باڵیۆزخانەی وڵاتەكەش لە بەغدا دەڵێت، لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین. 

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، لەرێگەی ئاگادارینامەیەکی ئەلیکترۆنییەوە داوای لە هاوڵاتیانی کردوە ئاگاداری خۆیان بن لە ئەگەری هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراق.

لەو ئاگادارینامەیەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندوە: "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەکردن دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە پێیانوایە ئەمریکی بن." 

 لە درێژەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا هاتوە: "دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای نێوخۆ بکەن بۆ هەر پێشهاتێک و بە ئاگاوە مامەڵە بکەن لە نزیک ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت کە ئەمریکی بن." 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەكەوە، داوای لە هاوڵاتییانی کردوە گەشت بۆ عێراق نەکەن و هۆکارەکانی ئەو داواکارییەشی بۆ "هەڕەشەی گروپە تیرۆرستییەکان، رفاندن، شەڕی چەکداری، گرژی و ئاڵۆزییەکان" گەڕاندوەتەوە. 

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرەتای هەفتەی رابردو، لە بەغدا هێرشکرایە سەر چەند خواردنگەو کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەوانە؛ زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی، چیللی هاوس و کۆمپانیای کاتەرپێلەر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×