سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگهیاند، بەڵای گەندەڵی جیاوازی نییە لەگەڵ تیرۆر و پێویستە دژی بوەستین، و چیتر تیرۆر هەڕەشە نییە بۆ سەر دەوڵەت، بەڵام گەندەڵی درزێک لە متمانەبوون بە دەزگاکانی دەوڵەت دروست دەکات.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئهمڕۆ پێنجشهممه لهمیانی وتارێكدا له یەکەمین کۆڕبەندی ئەنجومەن و دیوانی پارێزگاکان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، رایگهیاند، "تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتە خۆجێیەکان دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و تەواوکردنی کارەکانی چوارچێوەی یاسایی، پێویستە خەرجکردنی سامانی گشتی ڕێکبخرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و بەردەوامبون لە چالاککردنی ڕۆڵی چاودێری و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پتەوکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی ئابووری کە حکومەت بەپێی بەرنامەی کار دەستی پێکردوە".
ئاماژهی بهوهشكرد، کاتێک حکومەت لە ئەولەویەتەکانیدا شەڕی دژ بە گەندەڵی پێش بخات، ئەوە واتا هەستی بە خواستی هاوڵاتیان کردوە بۆ بەهێزکردنی متمانە و باوەڕبون بە دەوڵەت، هەروەها داوای کرد ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە بە شێوەیەکی بەردەوام بێت بۆ ئەنجامدانی پێداچونەوە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان و حکومەت پشتیوانی پێویستی بۆ دابین دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و سەختییەکان.
سودانى باسی لهوهشكرد، "بەڵای گەندەڵی جیاوازی نییە لەگەڵ تیرۆر و پێویستە دژی بوەستین، و چیتر تیرۆر هەڕەشە نییە بۆ سەر دەوڵەت، بەڵام گەندەڵی درزێک لە متمانەبون بە دەزگاکانی دەوڵەت دروست دەکات".
ئهوهشی وت، "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی مەحاڵ نییە، بە گرتنەبەری هەنگاوی کرداری لەسەر بنەمای یاسا و ئامرازە سەرکەوتوەکان و ئەزمون لە بڕیاردان"، وتیشی، "پەکخستنی کارەکان جۆرێکە لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارە، و چەندین پڕۆژە هەن بە بیانوی وردبینی ڕاگیراون".