محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی پارە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەمواری یاسای بودجە بەردەوام دەبێت.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی وت، دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و کۆتایی بە کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.
وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغی وردبینیکردندایە بۆ پرۆژەیاسای بودجە و دواتر بە مەبەستی هەموارکردنەوە رەوانەی پەرلەمانی دەکەن.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، وتی "ئەو پارەیەی دەدرێتە کۆمپانیاکان زۆرە، حکومەتی عێراقی ناتوانێت بیدات، بەو پارەشی حکومەتی عێراقی دەیدات کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن کاربکەن، بۆیە دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی باسی پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرد و وتی، "عێراق لە ساڵی 2014 رێککەوتنی لەگەڵدا کردون، ئێستا پێویستمان بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەماوە، بەڵکو پێویستمان بە پەیوەندی دیپلۆماسی دوقۆڵی هەیە لەگەڵ ئەم وڵاتانە، پێشتر لە کۆبونەوەمان لەگەڵ ئەمریکا و لیژنەی باڵای سەربازی لەگەڵیاندا باسی ئەو بابەتەمان کردوە."