ئابووریناسان: كشانەوەی ئەمریكا كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت
  2024-02-19       238       

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بێگومان ئەگەر ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، ئەوە كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت.

فازڵ نەبی و ئابووریناس و بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق و سەفوان قوسەی ھاوڕان لەسەر ئەوەی كە كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت و ڕاشیانگەیاند كە بە كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەوا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیاتر بەرز دەبێتەوە.

پرسی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كە بووەتە جێگای مشتومڕی عێراقییەكان بە تایبەتی كە زۆربەی لایەنە شیعەكان داوا دەكەن، ھێزە بیانییەكان بەتایبەتی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە، بێ ئاگا لەوەی كە ئایا كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا چی لێكەوتەیەكی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت.

لە ماوەكانی رابردوودا، بانكی ناوەندیی عێراق چەندین رێوشوێنی بە ئامانجی جێگیركردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار گرتووەتەبەر، بەڵام ھێشتا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزینە.

پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەك دۆلاری ئەمریكی بە ھەزار و ٣٢٠ دینار بۆ بانك و دامەزراوە داراییە نابانكییەكان دیاریی كرد، بەڵام ھێشتا بە زیاتر لە ٢٠ ھەزار دینار لە بڕیارەكەی بانكی ناوەندی مامەڵەی پێوە دەكرێت كە ١٠٠ دۆلار بەرامبەربە ١٥٢ ھەزار دیناری عێراقی.

بەڵام ئابووریناسان ھۆشداری ئەوە دەدەن كە ئەگەر ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بكشێنەوە، ئەوا كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، ھەروەھا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دادەبەزێت.


* ئەمریكا لە عێراق دەمێنێتەوە

لەمبارەیەوە بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، فازڵ نەبی لە وەڵامی پرسیارێك كە ئایا لە كاتی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا، ئابووری عێراق ھاوشێوەی ئابووری لوبنان، سووریا و ئێرانی لێ دێت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:"بێگومان ئەگەر ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە، ئەوە كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، چونكە ئەمریكییەكان لە بواری ئابوورییدا، زۆر ھاوكاری عێراقیان كردووە و لە ھەموو گرنگتر، ئەوان (ئەمریكییەكان) پارەكانی عێراقیان لە دەرەوە پاراستووە، بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسەردەمی سەدام حوسێن قەرزیان لای عێراقە نەتوانن دەست لەو پارانەی عێراق لە دەرەوە بدەن، بۆیە بە بۆچوونی من لە كاتی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، ئابووری عێراق زۆر باش نابێت، بەڵام بەو شێوە نییە كە ئابووری عێراق بڕوخێت و وەك لوبنان، سووریا و ئێرانی لێبێت، ئەوەش لەبەر چەند ھۆكارێك كە یەكەمیان ئابووری عێراق بەراورد بە ئابووری لوبنان و سووریا بە ھێزە و دووەمیشیان وەك ئێرانی لێ نایەت، چونكە ئێران كۆمەڵێك سزای ئابووری لەلایەن ئەمریكاوە بەسەردا سەپێندراوە، من وای بۆ دەچم كە ئەو سزایانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراون، بەسەر عێراقدا ناسەپێندرێن".

وتیشی: "ھەر بە بۆچوونی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەو شێوەیە نابێت كە خەڵكی چاوەڕوانی دەكات و ئەمریكا ھەر لە عێراق دەمێنێتەوە".

فازڵ نەبی لەبارەی ئەوەی كە ئایا لە كاتی جێبەجێكردنی بڕیاری كشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، بەهای دینار دابەزینی زیاتر بەرامبەر بە دۆلار تۆمار ناكات؟، وتی: "بێگومان ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دادەبەزێت، چونكە ئەو كاتە عێراق نازانێت پارەی داھاتی فرۆشتنی نەوتەكەی لە كوێ دابنێت و ئەمە جگە لەوەی عێراق كێشەی لەگەڵ كۆمەڵێك كەس و ئەو كۆمپانیایانەدا ھەیە كە لەسەردەمی سەدام حوسێنەوە پێیان قەرزدارە، بۆیە دواجار جێبەجێكردنی بڕیاری كشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بەرژەوەندی ئابووریی عێراقدا نابێت".

لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر لە كاتی كشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، بەهای دینار دابەزینی زیاتری تۆمار كرد بەرامبەر بە دۆلار تا چەند ھاووڵاتییان دەتوانن بەرگەی بگرن و دەبێت حكوومەتی عێراق چ ڕێوشوێنێك لەوبارەیەوە بگرێتەبەر، فازڵ نەبی وتی: "ئەمریكا لە عێراق دەمێنتەوە، ڕاستە بەرپرسانی عێراق بە ڕواڵەت داوا لە ئەمریكا دەكەن لە عێراق بكشێتەوە، بەڵام كشانەوەكە بەو شێوەیە نییە كە باسی لێوە دەكرێت، ئەگەر ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، ئەوا عێراق ناگاتە ئەو دۆخەی كە خەڵكی عێراق برسی ببن و بەرگەی ئەو دۆخە نەگرن كە لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ببنەوە، بۆیە كشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەگەرێكی زۆر دوورە و ئەوە ڕوونادات و ئەوەی من لە پەیوەندیی دارایی و ئابووری نێوان ئەمریكا و عێراق ئاگادارم، نە ئەمریكا لە عێراق دەكشێتەوە و نە حكوومەتی عێراقیش داوا دەكات هاوشێوەی ھەندێك لە گرووپە چەكدارە شیعەكان كە داوای دەكەن".

* ئێستا خواستی ئەوە ھەیە كە عێراق شەراكەتی ستراتیژی لەگەڵ ئابووری توركیا و یەكێتی ئەورووپا ھەبێت

لای خۆیەوە ئابووریناس، سەفوان قوسەی لەبارەی لێكەوتەكانی كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:"ئەگەری ھەیە، ھەڕەشە و داواكارییەكان بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئابووری عێراق بخاتە نێو ئەو سزا ئابووریانەی كە بەسەر ژمارەیەك وڵاتدا سەپێندراون، بە دڵنیاییەوە بوونی عێراق لەنێو ئەو ژینگەیەدا وا دەكات مامەڵەی ئابووری عێراق بە دراوی دۆلار پەراوێز بخرێت كە ئەوەش ڕەنگدانەوەیەكی خراپی لەسەر ژیانی عێراقییەكان دەبێت، بە تایبەتیش عێراق ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار ھاوردە دەكات كە ئەوەش وەك پێویست خواستی بازاڕ لە دۆلار پڕ ناكاتەوە".


ڕاشیگەیاند: "ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەكرێت كە نەوتی عێراق بە دۆلار نەفرۆشرێت، ئەمەش بەمانای پەراوێزخستی زیاتری ئابووری عێراق بەرامبەر بە دۆلار دێت".

وتیشی: "لەئێستادا ئەمریكا، یەكێتی ئەورووپا و وڵاتانی كەنداو خاوەن ئابووری بەھێزن كە ئەوەش وا دەكات عێراق پێویستی بەو وڵاتانە ھەبێت، جگە لەوەش لەم ھەلومەرجەدا، بەرگەی ئەوە ناگرین ئەگەر عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گەمارۆدان، بە تایبەتیش ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر كرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەكان ھەژمار بكرێت، بۆیە ئومێد دەكەین درك بە گرنگی مانەوەی عێراق لە چوارچێوەی ناوچەی ھاوسەنگی بكرێت، بە جۆرێك كە سیاسەتی عێراق بەڕووی ھەموواندا كراوە بێت، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت خواست و پێداویستییەكانی دابین بكات".

سەفوان قوسەی پێیوایە ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر كرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەكان ھەژمار بكرێت ، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەكات و، وتی: " ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر كرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەكاندا ھەژمار بكرێت ، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەكات، ئەو كات لەوانەیە دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقیشدا نەمێنت، چونكە ھەر كاتێك عێراقییەكان ھەست بە مەترسی و نیگەرانی بكەن، ئەوا دەست بە دراوی دۆلارەوە دەگرن و نایخەنە بازاڕەوە لەبەر ئەوەی لە گەمارۆدان و جەنگدا شارەزاییان پەیدا كردووە".

لە مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣دا، بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو كە عێراق و توركیا ڕێككەتوون كە مامەڵە بازرگانییەكانییان لەمیانی ئەمساڵدا بە دراوی جۆری یۆرۆ، لیرەی توركی و دیناری عێراقی ئەنجام بدەن بەجۆرێك ھاوردەكردن بۆ عێراق بە جۆری لیرە یان یۆرۆ بێت و لە ناوخۆی عێراقیش بە دینار مامەڵەكان ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی ١٨ی مانگی كانوونی دووەم، سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو كە دەبێت خشتەیەك بۆ كۆتاییھێنان بە ئەركی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دیاری بكرێت، چونكە بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە.

لە ئێستادا، لیژنەیەكی باڵای ھاوبەشی سەربازی لە نێوان عێراق و ئەمریكا بۆ كۆتاییھێنان بە ئەركی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق پێكھێنراوە و تا ئێستا دوو جار لیژنەكە لە بەغدا كۆبووەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ئاكامی ئەو ھێرشانەی كە لە دوای ١٧ تشرینی یەكەمەوە لەلایەن ھێزەكانی ئەمریكاوە كراونەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی، موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە (ئەبو تەقوا) و دوو فەرماندەی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەكانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەركان عەلیاوی لەگەڵ ٣٩ چەكداری دیكەی حەشدی شەعبی كوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×