ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەغدا لەناو ئۆتۆمبێكدا دو كەس كوژران كە بەپێی میدیا عێراقییەكان یەكێكیان ئاوەڵزاوای هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدرە. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، روداوەكە لەسەر پارچە زەوییەك بوەو دو تۆمەتباری روداوەكە دەستگیركراون و گەڕانیش بەردەوامە بۆ دەستگیركردنی تێوەگلاوانی دیكە.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەسەر پارچە زەوییەك شەڕ لەنێوان دو لایەن لە ناوچەی راشیدیەی باكوری بەغدا دروست بوەو لە ئاكامدا دو كەس لەنێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەردا كوژراون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، مەفرەزەكانی پۆلیسی بەغدا دەستبەجێ دەستیانكردوە بە رێكارە یاسایییە پێویستەكان و توانیویانە دو تۆمەتباری روداوەكە دەستگیربكەن و هێشتا پڕۆسەی گەڕان بەشوێن تێوەگلاوانی دیكەی روداوەكەدا بەردەوامە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، دو كەس لەنێو ئۆتۆمبێلكدا لە بەغدا تەقەیان لێكراوەو كوژراون كە یەكێكیان ئاوەڵزاوای هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدرە.