سەرۆك كۆماری عێراق دانانی پارێزگارى نوێی سەڵاحەدین ڕەتدەكاتەوە
  2024-02-18       436       

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕەتیكردەوە فەرمانی سەرۆكایەتی بۆ ئەحمەد جبوری ناسراو بە “ئەبو مازن” وەك پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین دەربكات، چونكە ئەحمەد جبووری بە چەندین دۆسێیەی تاوانكاری سزا دراوە و بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بارەی ڕەتكردنەوەی دانانی پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین چەند بەڵگەنامەیەكی بڵاو كردەوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی سەرۆكایەتی كۆماری ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كردووە، باس لەوە دەكەن، ئاگادارتان دەكەینەوە، كە ئەحمەد عەبدوڵا عەبدول خەڵەف جبوری بە چەندین دۆسێیەی تاوانكاری سزا دراوە و بە لێبوردنی گشتی ژمارە ١٠دا ئازاد كراوە، هەروەها پێشینەی تاوانی هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ – ناوەندی ژمارە ٦٥٥٣ لە بەرواری ٢/١٢/٢٠٢٤.

ئاماژە بەوەش كراوە، بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە، ئێمە ناتوانین فەرمانی سەرۆكایەتی دەربكەین بۆ ئەحمەد جبووری وەك پارێزگاری نوێى سەڵاحەدین، بەو پێیەی هەڵبژاردنی پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شارۆچکەکانى ژمارە ١٠ بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەك یەكێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار پێش دەركردنی فەرمانی كۆماریی دەبێت دڵنیابن لەوەی، كە مەرجە یاساییەكان لەلایەن كاندیدی پۆستی پارێزگارەوە جێبەجێ دەكرێن، لە ئەگەری ئەوەی یەكێك یان زیاتر لە مەرجەكان جێبەجێ نەكراوە، سەرۆكایەتی مافی ئەوەی هەیە ڕەتی بكاتەوە.

لە ٤ـی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەبو مازنی وەك پازێرگاری شارەكەیان دیاری كرد، لە كۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەحمەد جبووری توانی دەنگی نۆ ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بەدەستبهێنێت و پۆستی پارێزگاری شارەكە وەربگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×