ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چەندین دۆسییەی ئەمنی مەترسیدار تایبەت بە فرۆشتنی چەكی ئەمریكی بە عێراق هەیە پێویستە سەر لەنوێ پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.
سەڵاح زەینی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە بارەی گرێبەستە مەترسیدارەكانی كڕینی چەكی ئەمریكی بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.
سەڵاح زەینی ڕایگەیاند، زۆر دۆسییە مەترسیدار و هەستیاری پەیوەست بە ئەمنی عێراق هەیە، پێویستە سەر لەنوێ پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی كە هەیەتی.
ئاماژەی بەوەشكرد، گرێبەستەكانی كڕینی چەكی ئەمریكی جێگەی شەرمەزارییە و نوێنەرایەتی فۆرمێك دەكات لە ملكەچبوون بۆ خواستەكانی واشنتۆن، ئەمریكا مەرج بۆ فرۆشتنی ئەو چەكانە دادەنێت و پابەند نییە پێوە، عێراق مافی ئەوەی هەیە ناڕەزایەتی دەرببڕێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڵگەنامەی زۆری هەیە سەبارەت بە مامەڵەكانی ئەم بەرنامەیە كە پێشكەشی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان كراوە، ئەو دۆسییانە یەكێكە لە دۆسییە جددیەكان كە پێویستی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت.
پێشتر ئەمریكا بڵاوی كردبووەوە، لە ماوەی ١٢ ساڵدا بە بەهای زیاتر لە ٢٢ ملیار دۆلار چەكی بە عێراق فرۆشتووە لە ڕێگەی پرۆگرامی فرۆشتنی سەربازیی دەرەكییەوە، هەروەها عێراق ٣٦ فڕۆكەی ئێف ١٦ و ١٤٦ تانك و ٢٤ كۆپتەر و نۆ كۆپتەری ئاسمانی سی ١٣٠ی كڕیوە.
باس لەوەشكراوە، لە ساڵی ٢٠١٢ كۆنگرێسی ئەمریكا زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری تەرخانكرد، لە چوارچێوەی پرۆگرامی فرۆشتنی سەربازی دەرەكیدا، بۆ بنیاتنانی توانا لۆجستییەكانی عێراق و گەیشتن بە خۆبژێویی درێژخایەن و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بواری پیشەیی و ڕاهێنانی سەرەتایی تردا.