پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بڵاو كردەوە، بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری ڕژێمی بەعس بكات، كە تایبەتە بەو زەویانەی لە سنووری كەركووك و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق داگیر كراون.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بڵاو كردەوە.
بەپێی كارنامەكە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەك دەكات، یەكێك لەوانە خوێندنەوەی یەكەمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی (١٠١٨)ـی ساڵی ١٩٨٢ و (٥٥٤)ـی ساڵی ١٩٨٣ـی سەردەمی بەعس، كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو بڕیارەی داوە، ماوەتەوە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بە دەستهێنانی زانیاریی دەكات، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای تۆماركردنی لە دایكبووان و مردووان دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەمواری ماددەكانی (٥٠ و ٥٦)ـی ڕێككەوتنی فڕۆكەوانی مەدەنی ساڵی ١٩٤٤ دەكرێت، هەروەها لیژنەی یاسایی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی داواكاریی موڵكایەتی ژمارە (١٣)ـی ساڵی ٢٠١٠ دەكات.