شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق لە بارەی هێرش و پێشێلكارییەكانی سەر خاکى وڵاتەکەیان كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون و پشتگیری لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی عێراقی و هاوپەیمانان پێكبهێنرێت، هەروەها داواش كرا میوانداری سوودانی و وەزیری بەرگری و دەرەوە لە پەرلەمان بكرێت.
میدیا عێراقییەكان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو:-
میدیاكان بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو بە سەرۆكاییەتی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت كۆبوونەوەی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هێرش و پێشێلكارییەكانی سەر عێراق بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمان هەموو هێرش و پێشێلكارییەكانی سەر عێراقی ڕەتكردەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوون و پشتگیری لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی عێراقی و هاوپەیمانان پێكهێنرا.
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داوا لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوە دەكرێت، ئەم هەفتەیە بێنە پەررەمان.
دەشڵێن، مەندەلاوى هەردوو لیژنەی (یاسایی – بەرگری و ئاسایش)ـی لە پەرلەمانی عێراق ڕاسپارد، ڕاپۆرتێك لەبارەی داواكاریی ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ دەركردن و چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان ئامادە بكەن.
جێگەی ئاماژەیە، كورد و سوونە بەشداریان كۆبوونەوەكەیان نەكرد، پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، تۆڵە لە كورد و سوونە دەكەنەوە، هەروەها ڕێگا نادەن یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە و پشكی هەرێم زیاد بكرێت.