دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە تایبەت بو بە هەڵبژاردنی جێگرانی یەكەم و دوەمی پارێزگای نەینەوا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
ئاوێنە: لەپاش دواخستنی دانیشتنەكە، ئەندامانی ئەنجومەن لە لێدواندا بۆ رۆژنامەنوسان رایانگەیاند، دانیشتنەكە بەهۆی رێك نەكەوتنی فراكسیۆنەكان لەسەر چەند خاڵێك بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
ئەوەشخرایەڕو، دەستدەكرێتەوە بە دانوستانی نێوان فراكسیۆنەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.
دانیشتنەكە تایبەت بو بە هەڵبژاردنی جێگرانی یەكەم و دوەمی پارێزگار، فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە جێگری یەكەمی پارێزگار بە پشكی خۆی دەزانێت، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای بایكۆت كرد بە پاساوی ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەن پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی كردوە.
فراكسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی كردوە لەبارەی هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگارەوە.
ئەوەشی خستبوەڕو، پێشێلكارییەكە ئەوەبو كە دەنگدان لەسەر جێگری دوەمی پارێزگار پێش دەنگدان لەسەر جێگری یەكەمی پارێزگار خرابو.
فراكسیۆنی پارتی جەختی كردبوەوە كە بەپێی رێككەوتنە سیاسییەكان پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا دەدرێت بە كاندیدی پارتی كە سیروان رۆژبەیانی-یە.
لەدانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا، ئەحمەد حاسود بە سەرۆكی ئەنجومەن و محەمەد جبوری بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و هەروەها عەبدولقادر دەخیل وەك پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردران.