بانكی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی كاركردنی لە گەورەترین بانكی ئێرانی سەندەوە
  2024-02-08       576       

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بانكی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی كاركردنی بانكی میللی ئێرانی هەڵوەشاندۆتەوە كە گەورەترین بانكی ئێران، ئەوەش بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكان و سنورداریی كاری ئەو بانكە ئێرانییە لە عێراق.

ئاوێنە: ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەداوە لە بەڵگەنامەیەكی بانكی ناوەندیی عێراقدا كە رۆژی 31ی كانونی دوەمی ئەمساڵ دەرچوە، هاتوە"لەبەر رۆشنایی ئەو زیانانەی كە بەر لقەكەتان لە عێراق كەوتون و هەروەها لەبەر رۆشنایی چالاكییە سنوردارەكانی و نەبونی توانا بۆ جێبەجێكردن یان پەرەپێدانی چالاكییە بانكییەكانی و ...دانانی لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەكاندا، بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكەتان."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەساڵی 2018دا سزای بەسەر بانكی میللی ئێران سەپاند ئەوەش بەتۆمەتی ئەوەی كە سوپای پاسداران بانكەكە بەكاردەهێنێت بۆ دابەشكردنی پارە بەسەر گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراقداو لقی بانكەكەشی وەك بەشێك لەو پلانە ناوبرد.

رۆیتەرز نوسیویەتی، عێراق كە خاوەنی یەدەگی زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە لە ئەمریكا، تاڕادەیەكی زۆر پشتی بە نیازپاكی ئەمریكا بەستوە بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی كە كۆسپی بۆ دروست نەكرێت لە دەستڕاگەیشتنی بەو داهاتەی نەوتی خۆی كە دەچێتە ئەمریكا.

عێراق بەم دواییانە هەشت بانكی بازرگانی نێوخۆی بێبەشكرد لە مامەڵەكردن بە دۆلار و هەروەها كۆمەڵێك رێكاری گرتونەتەبەر بۆ سنورداركردنی سپیكردنەوەی پارەو بەكارهێنانی نایاساییانەی دراوی ئەمریكی، ئەوەش هەنگاوێكە كە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە پێشوازی لێكراوە.

بەگوێرەی قسەی چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و عێراق، لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردودا لەسەر داوای ئەمریكا، 14 بانكی لە مامەڵەكردن بە دۆلار بێبەشكران ئەوەش وەك بەشێك لە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ بردنی دۆلار بۆ ئەمریكا لەڕێگەی سیستمی بانكیی عێراقییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×