لهتیف رهشید، سهرۆك كۆماری عێراق له چالاکییەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە نەجەف رایگهیاند، عێراقییەکان لە سەختترین هەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە.
بهپێی راگهیهندراوی نووسینگهی سهرۆك كۆماری عێراق تیایدا هاتووه: بە چاودێری لەتیف رەشید، سهرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی شوباتی 2024 چالاکییەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە پارێزگای نەجەف دەستیپێکرد.
بهپێی راگهیهندراوهكه، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، کە د. ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری لاوان و وەرزش، ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، حسێن عیساوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف و کەسایەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئامادەیبون، لهتیف رهشید رایگهیاند، کردنەوەی پێشانگاکە گرنگییەکی ناوازەی هەیە، بەوپێیەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقهه، هەروەها شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراقییەکان لە سەختترین هەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردووە. ئەمڕۆش نەجەف گەواهیدەری هەستانەوەیەکی زانستی و هزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کە پێشەنگی رۆشنگەریە و هەموومان دڵخۆش دەکات".
بهپێی راگهیهندراوهكه، لهتف رهشید وتوویهتی: "نەجەف هەر لە سەرەتاوە و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق، بزووتنەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لەخۆگرتبوو، یەکەم چاپخانەی هەڵمی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرە لە نەجەف، دامەزرێندرا".