فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) بڵاوی كردەوە، لە وەڵامی ئەو هێرشانە دەكرێنە سەر هێزەكانمان لە عێراق، شەوی ڕابردوو هێرشێكمان لە بەغدا ئەنجامدا و چەند سەركردەیەكی حزبوڵامان بە ئامانج گرت.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) لە بارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی بەغدا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە وەڵامی ئەو هێرشانە دەكرێنە سەر هێزەكانمان لە عێراق، شەوی ڕابردوو هێرشێكمان لە بەغدا ئەنجامدا و چەند سەركردەیەكی حزبوڵامان بە ئامانج گرت، كە بەشداربوون لە بەئامانجگرتنی و پلاندانان بۆ هێرشكردنەسەر هێزەكانمان لە ناوچەكەدا.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەمەریكا بەردەوام دەبێت بۆ هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەكانمان لە ناوچەكە، هەروەها دوودڵ نابین لە بەرپرسیاردانانی هەموو ئەوانەی دەبنە هۆی هەڕەشە بۆسەر سەلامەتی هێزەكانمان.
شەوی ڕابردوو ئەمریكا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا كردە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ كەس كوژران، كە دوو كەسیان سەركردەی باڵای حزبوڵا بوون، بە ناوەكانی ئەبو باقر ساعدی و حاجی ئەركان عەلیوی، لە بەرامبەردا گرووپە چەكدارەكانی عێراق هەڕەشەی وەڵام دانەوە دەكەن.