وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە چەند كاتژمێرێكی سەرەتای بۆردومانەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و چۆنیەتیی ڕزگاركردنی ژیانی برینداران دەكات.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە چەند كاتژمێرێكی سەرەتای بۆردومانەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و چۆنیەتیی ڕزگاركردنی ژیانی برینداران دەكات و ڕایگەیاندووە: "ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی سەرەتای بۆردومانەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر و ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کرا، ڕزگارکردنی ژیانی برینداران بوو، بە تایبەتی باری زۆر ترسناک و ناجێگیری هەردوو کوڕی گەورە و بچووک و هاوسەری شەهید پێشڕەو دزەیی، کارێکی گەورە و لەڕادەبەدەر بوو، بە تایبەتی کوڕی گەورەی بە ناوی (ڕۆژ پێشڕەو دزەیی) کە ڕەوشی تەندروستیی یەکجار خراپ بوو، بەهۆیی قورسی برینەکانی جەستەی تووشی خوێنبەربوون بووبوو، خۆشبەختانە ژیانی تا ئێستا ڕزگار کراوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە."
وەزیری تەندروستی باس لەوەش دەكات، ئەمڕۆ و دوێنێ هیچ نەشتەرگەرییەکی بۆ نەکراوە و ئەو هەواڵانەش ڕەت دەکەینەوە، گوایە کوڕی بچووکی گیانی لەدەست داوە."
د. سامان بەرزنجی باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا ڕەوشی تەندروستیی (هانا)ی هاوسەری شەهید پێشڕەو دزەیی و (ڕوان)ی كوڕی بچووكی، باشە، "بەهیوای سەلامەتی و زوو چاکبوونەوە بۆ هەموان."