"ماوەی 40 رۆژە هەرێم یەك بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ نەكردوە"
  2024-01-13        

كاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ماوەی 40 رۆژە هەرێمی كوردستان یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکردوەو تەنانەت ئەو 85 هەزار بەرمیل نەوتەشی ڕاگرتوە کە لەڕێگای کۆمپانیای کار دەپاڵێوراو و بەنزین و مشتەقاتەکانی دەنێردرا بۆ موسڵ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی.

ئاوێنە: كاوە عەبدولقادر، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە، جگەلەوە تا ئێستا یەک دیناری داهاتی ناوخۆو گومرگەکانیان بۆ بەغدا نەناردوە، لەسەر ئەو حاڵەش دەڵێن حکومەتی عێراق غەدر لەهەرێم دەکات و موچەو بودجەو مستەحەقاتەکانی نانێرێ.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەرێمی كوردستان "لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگای تانکەر بەقاچاغ دەفرۆشێت و بەشێکیشی دەدات بە پاڵاوگەکانی خۆیان بەڵام تا ئێستا داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و کەس نازانێت بڕەکەی چەندەو چۆنە بەڵکو ڕاستەوخۆ دەڕواتە سەر هەژمارە حسابی بەرپرسە باڵاکانی پارتی و یەکێتی."

ئاماژەی بەوەشداوە "لەو دۆخە خراپەی کە ئێستا هاوڵاتیانی هەرێمەکەمانی تێدا دەژین کە زیاتر لەسێ مانگە موچەخۆران موچەیان وەرنەگرتوەو کاروکاسبی و بازاڕ نەماوە، پارتی و یەکێتی زۆرترین سودمەندی دۆخەکەن و لەپێشتر زیاتر بەردەوامن لە دزی و تاڵانکاری لە داهات و پارەی میللەت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×