چەند ڕۆژێکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت وەزارەتی کارەبا خەڵکی بە پڕۆژەیەکەوە سەرقاڵکردووە لە ژێر ناوی پڕۆژەی ڕوناکی، کە بەپێی ئەم پڕۆژەیە پاش سی و چوار ساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی تەواوی ھاوڵاتیان ئەتوانن دەستیان بەکارەبای ٢٤ کاتژمێری بگا.
ھەنگاوێکی لەمجۆرە گەرچی درەنگ وەختە، بەڵام ھەموو بەرەو پێشچوونێک لەبوارەکانی خزمەتگوزاری ھاوڵاتیان درەنگ بێ یاخود زوو لەبەھاو گرنگی کەمناکاتەوە. پرسیاری گرنگ لەم سەروەختەدا ئەوەیە؛ ئەوە چیە وا لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ئەکا لەدژی ئەم جۆرە پڕۆژانە بوەستنەوە؟ دیارە پێشتریش پڕۆژەی تر ھەبووە گەر بە چاوی چاکسازی لە بواری دارایی و ڕۆتینی کارگێڕی لێی بڕوانین، بەھەمان شێوە ڕووبەڕووی ڕەخنەو ناڕەزایی خەڵکی کورستان بوونەتەوە، بەنموونە پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ھاتووچۆ لەشارەکان و فەرمانگە داد نووسیەکان، تەنانەت پڕۆژەیەکی وەک پڕۆژەی (ھەژماری من)کە پڕۆژەیەکی گرنگە لە بواری چاکسازی مامەڵەداراییەکان و چارەسەری سیولەی دارایی، بەھەمان شێوە ھاوڵاتیان لێی چوون بەقینداو فەرمانبەران ئامادەنین مووچەکانیان بخەنە ناو ئەم سیستمەوە.
تەنانەت ئەو ھەنگاوانەی حکومەت دەینێ بە ئاڕاستەی سەلامەتی ژیانی ھاوڵاتیان، وەک دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە ڕێگا گشتیەکان و ڕادەستکردنیان لە ڕێگەی چەند گرێبەستێکەوە بە چەند کۆمپانیایەک، ھەر زوو پێش ئەوەی مەرەکەبی واژۆی گرێبەستەکان وشک بنەوە ڕەخنەباران کرا.
پێموایە کێشەکە لێرەدا ئەوە نیە ھاوڵاتیان لە جەوھەردا دژی ئەم ھەنگاوانەبن، کێ ھەیە حەز بە ماڵێک نەکا بەردەوام کارەبای ھەبێ!؟چ ھاوڵاتیەک ھەیە مەراقی ئەوەی نەبێ لەمامەڵەی تازەکردنەوەی ساڵانەو مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی ژووراو ژوورنەکاو ھەر زوو مامەڵەکەی تەواونەبێ!؟ چ فەرمانبەرێک ھەیە حەزنەکا ھەژمارێکی بانکی گرەنتیکراوی نەبێ، و لەکاتی خۆیدا مووچەکەی بخرێتە سەر ئەو ھەژمارەو کەی ویستی پارەی لێ ڕاکێشێ و کەی ویستی پارەی بخاتە سەر!؟ کام لە ئێمە حەزناکا لەنێوان شارەکان بەسەلامەتی ھاتووچۆبکا و ترسی ئەوەی نەبێ ڕێگا بێ ھیچ چاودێریەکی ترافیکی کۆنترۆڵکراوە!؟
نەخێر ئەوە حەزو ویستی ھاوڵاتیان نیە کە بیانەوێ ھەر لەم بێسەروبەریەی چەندین ساڵە لەگشت بوارو کەرتەکاندا تێیدا دەگوزەرێن ژیان بەڕێکەن، بەڵکو ئەوە حکومەتە کە وای لە ھاوڵاتیان کردووە دڕدۆنگ بن بەرامبەر بە ھەنگاوەکانی، حکومەت پێش ئەوەی ماڵەکانمان بۆ ڕووناک بکاتەوە پێویستە قاسەو گەنجینەکانی خۆی بەشێوەیەک ڕوناک بکاتەوە، ھاوڵاتیان لەوە دڵنیابن کە جگە لە قاسەی حکومەت، قاسەی تر نیە کە بەنایاسایی و لەپشتی خەڵکەوە داھاتی تێبڕژێ، و ئەو داھاتەی ئەچێتە قاسەکەی حکومەتەوە جارێکی تر بۆ گیرفانی ھاوڵاتیان خەرج ئەکرێتەوە.
حکومەتێک تا ئێستە خاوەنی یاسای بودجەی خۆی نەبێ کە بەڕوونی شێوازی داھات و خەرجی ساڵانەی تێدا دەچەسپێنرێ و ھەر بە ڕێژەی١/١٢(یەک لەسەر دوانزە) ی ساڵانی پێشتر خەرجیەکانی خۆی ڕێک بخا، و داھاتەکەی نەچێتە گەنجینەی حکومەتەوە، ئیتر چۆن ھەنگاوەکانی نابنە جێی ناڕەزایەتی خەڵک و فەرمانبەران.
حکومەت گەر ھاوتەریب لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەی کار بۆ شەفافیەت لەبواری دارایی گشتی و ئابووری سەربەخۆ نەنێ، ھەر ئەبێ چاوەڕێی کاردانەوەی لەمجۆرەبێ، ئەمەش تەنھا بەوە دێتەدی کە جگە لە قاسەی حکومەت ھیچ قاسەیەکی تر بوونی نەبێ و دەزگا چاودێرییەکانی وەک دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی دەسکراوەبکا، و بە ھەموو توانایەوە لە پشتیان بوەستێ ، ھەروەھا ساڵانە لە ڕێگەی پەرلەمانێکی کارای چاودێرەوە بەسەر کارو ھەنگاوەکانی حکومەت، یاسای بودجەی ھەبێ و تێیدا پلانی کۆکردنەوەی داھات و شێوازی خەرجی حکومەت بەپێی دەروازەو بابەتەکان (فصل و مادة) دیاریبکرێ ، و بۆ حکومەت و وەزارەتەکان نەبێ بەویستی خۆیان ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە بیبەزێنن.