نێچیرڤان بارزانی وەک پارسەنگی سیاسەتی پارتی

هاوڕێ جەمال
  2024-05-07     229

کەس نیە گومانی لەوەبێ، ھەر لە راپەڕینی ساڵی (١٩٩١) ەوە تا ئەمڕۆ، سیاسەتکردن و ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان بەدرێژایی چەند ساڵەی رابردووو، کەم و کورتی و ناھاوسەنگی زۆری ھەبووە، ئەم قسەیە بۆ تێکڕای حزبەکانی باشوور بەگشتی دروستە، بەتایبەتیش بۆ ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار، یەکێتی و پارتی کە زۆرینەی جومگە ھەستیارەکانی ئەم ھەرێمەیان لە دەستدایە، ھەر لە ئابووری و سەربازی و ئەمنیەوە بیگرە تا ئەگاتە وزەو پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان.
ئەم ناوھاوسەنگیە لە ئەدای یەکێتی و پارتی رەنگدانەوەی ھەم سیاسەتی نێوخۆی حزبەکانیانە لەلایەک، ھەم کاریگەری نفوزی وڵاتانی ھەرێمایەتیە، بەتایبەت ئێران و تورکیا لەلایەکی تر.
ئەوەی ھەستی پێدەکرێ ئەم ھێزانە لەو کاتانەدا سیاسەتێکی ناھاوسەنگ پیادەئەکەن کە لەژێر فشاردابن، کە ئەبوو ئەمە بەپێچەوانەوە بوایە. واتە حزبی سیاسی عەقڵانی لەکاتی فشاردا ئەبێ زۆر لۆژیکانە مامەڵەبکاو، سیاسەتێک پەیڕەو بکا کە لەچەقی ستراتیژی نەتەوەیی دەرنەچێ، چونکە دواجار ھەر خۆی باجی ئەو بەزاندنە ستراتیژیەنادا، بەڵکو گەر فریای راستکردنەوەی نەکەوێ چارەنووسی نەتەوەیەکیش ئەداتە دەست قەدەرێکی نادیار.
لێرە بۆ شیکردنەوەی تێڕوانینەکانی سەرەوەمان دوو ئەکشنی سیاسی پارتی بەنموونە ئەھێنینەوە، پێمانوایە گەر نێچیرڤان بارزانی نەبوایە، دەرئەنجامی شۆکھێنەری بۆ خودی پارتی پێش ئەم ئیدراە شڵۆقەی کە ھەرێمی کوردستانی پێدەوترێ، لێدەکەوتەوە.
*یەکەم ئەکشنی پارتی بریتی بوو لە پرسی ریفراندۆم، کە ئەم پرسە بەھۆی فشاری دەستبەرداربوونی سەرۆکی پارتی بوو لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بووە ھۆی ناکۆکیەکی قوڵی لە نێوان ھەرێم و ناوەند، بەڵام ھەموان لەو کاتەدا ئەوەیان بینی کە نێچیرڤان بارزانی چ وەک جێگری سەرۆکی پارتی و چ وەک سەرۆک وەزیران، ھەرزوو بەپێچەوانەی سیاسەتی حزبەکەی ئاڵای عێراقی لەپشتی خۆی داناو رایگەیاند ھەدێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراقی فیدراڵ.
*ئەکشنی دووەمی پارتی ئەم ھەڵوێستەی ئەم دوایەیەتی لەمەڕ پرسی ھەڵبژاردن و بایکۆتکردنی پرۆسەکە، ئەمە جگە لەساردکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئەم ھەڵوێست و ئەکشنانە بە زیانی خودی پارتی ئەکشێنەوە، گەر جارێکی تر خودی نێچیرڤان بارزانی فریا راستکردنەوەی ئەم جۆرە لە ناھاوسەنگی سیاسەتی پارتی نەکەوێ.
سەردانیکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکرێ وەک پارسەنگێک بۆ ھەڵوێستی پارتی لەبەرامبەر بایکۆتی ھەڵبژاردن و ھەم گێڕانەوەی متمانەیەک لە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تاران لێکبدرێتەوە.
پرسیاری گرنگ لە سەر رۆڵی خودی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە، ئەم رۆڵی پارسەنگکردنە چ کارگەریەک بەجێدەھێڵێ لەسەر کۆی سیاسەتی حزبەکەی لە داھاتوودا، ئایا ئەم رۆڵە دەکرێ ببێتە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ھاوسەنگ لە ناو پارتیدا یاخود ھەر ئەوەندەی دۆخەکە لەباربۆوە پارتی دیسان بەھەمان عەقڵیەت و ئامراز خەریکی سیاسەتکردن ئەبێ؟!!
تێبینی: ئەم لێکدانەوەیە بۆ ناھاوسەنگی لە سیاسەتکردن یەکێتیش دروستە، بەڵام لەبەرئەوەی پارتی دەسەڵاتی یەکەمە لە کوردستان، بۆیە راوسەرنجمان لەسەر سیاسەتی ئەو حزبە بووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×