قەڵای نوگرە سەلمان
  2024-05-19       1772       
نوگرە سەلمان

نەشاد عومەر 

            

    زیندانێکی ترسناکی چوارگۆشەی دوو قاتی گەورە، دیوارەکانی مەترێک زیاتر ئەستورن، وا دەردەکەوێت لەبەردی ڕەقی ناوچە سەحراوییەکە دروست کراوە، لەسەر  تەپۆڵکێکی زەوی ڕەق بنیاد نراوە، دەوترێت لەسییەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەم قەڵایە دروستکراوە، هەتا هەشتاو هەشت هەموو جۆرە زیندانییەکی سیاسی تیادا بەند کراوە، بەڵام هەشتاو هەشت ترۆپکی ترسناکی‌و کارەسات‌و ماڵوێرانی ناو زیندانەکەیە.

بەپێی وتەی ئەوانەی دەربازیان بووە بەعەفوەکەی سەدام حسین‌و لەزیندانەکە گەڕانەوە هەزاران خێزانی کورد لە(پیرە پیاو _ژن _منداڵ) هێنراونەتە ناو قەڵاکەو جگە لەوەی بەتوند ترین‌و قێزەونترین جۆرەکانی سزای دەرونی‌و جەستەیی سزا دراون، ئەگەرچی قەڵاکە لەوێنەکاندا وا دەردەکەوێت قەڵایەکی بچووکە، بەڵام دیوە راستەقینەکە ئەوەیە کاتێک دەیبینیت ئەوەندەی ژورو هۆل تیادایە ئینسان دەکرێت لەناویاندا ون ببێت. قوربانییەکانی ناو "نوگرە سەلمان " وا باسی دەکەن هەر هۆڵ‌و ژورێکی زیندانەکە پڕ پڕ بووە لەژن‌و منداڵ‌و پیرە پیاوی کورد.

 

لەبارەی سزادانیانەوە، لەبارەی برسی کردنیانەوە، لەبارەی مردنیان، لەبارەی ناشتنی تەرمەکانیان، لەبارەی شۆردنی تەرمی کۆچکردوەکانیان، لەبارەی لێدانیان، لەبارەی سەمون‌و ئاو دابەشکردنەکان، لەبارەی خۆشۆردنیان، لەبارەی منداڵ‌و پیرەژنەکان، لەبارەی دڕندەییەکانی عەجاج- ی  مدیری سجنەکە، لەبارەی میهرەبانییەکانی مام خەلاسی جوندی سجنەکە، لە بارەی...

دەیان ئازاری تری  ناو زیندانەکە، ڕووداوی وا ترسناک‌و ناخهەژێن باس دەکەن کە لەتەواوی مێژوودا بێوێنەیە. ئەوەندە بەسە کە دە خولەک بەچواردەوری قەلاكەدا بگەڕێیت ئەوجا  دەیان پارچە جل‌و بەرگ‌و کلاشی کوردی‌و پارچەی جۆراوجۆر کە سەرمایەی گەورەی شوێنەواری نەتەوەیی کوردن‌و لەو بیابانە دەبینیت کە چۆن فڕێ دراون‌و خەمخۆرێک نییە بیانهێنێتەوە.

هەموو چواردەوری زیندانەکە قەبرستانە، زیندانەکە وێران‌و شێواوە، ساڵانی ڕابردوو دیوارەکانی پڕ بووە لەنوسینی کوردی یادگاری ئەنفال کراوەکان کە لەهەشتاو هەشت نوسراون، بەڵام بەهۆی سڕینەوەی ئەنقەست‌و نائەنقەست‌و نوسینی لەجیاتی ئەوانە یادگاری عەرەبی ئەم ساڵانەی دوایی، بەدەگمەن شوێنەوارێک لەنوسینە کوردییەکان ماون.

 

ئاسن‌و کەل‌و پەلە بەکەڵکهاتووەکانی ناو زیندانەکە هەمووی دزراوەو تاڵان کراوە، خۆ ئەگەر شایەتحاڵەکان نەبن کەس نازانێت هەموو زیندانەکە بەشیشی ئاسن تەنراوە، پیرەژنێکی عەرەبی خەلکی سەلمان، لەسەماوە کە کوردەکانی بەسوتفە بینی، وتی "لە سەلمان گەورە بوومەو بیرمە کەسوکاری ئێوەیان بەڕەتلی سەیارە بەلای سەلماندا تێپەراندو بردیانن بۆ قەڵاکە، وەکو چۆن ئێستا ئێوە بەڕەتڵ تێدەپەڕن"، وتیشی "دواتر بەچاوی خۆم بینیومە تەرمیان بەبێ ناشتن لەدەوروبەری قەڵاکە فڕی داوەتە خوارەوە".

"نوگرەسەلمان" بەدوری نزیکەی کیلۆ مەترێک دەڕوانێت بەسەر "قەزای سەلمان" کە پێکدێت لەچەند ماڵێکی کەم بەقەد گوندێکی گەورە، کە ئەودیوتری بیابانی عەرعەرو سنوری سعودیەیە، لاکەی تری هەتا چاو بڕکات سەحرایە  تا دەگاتە "سەماوه ".

سەماوە نزیکترین شاری گەورەی عێراقە لە"نوگرەسەلمانەوە "، سەماوە بەهۆی زۆری بوونی خوێ لەخاکەکەیدا زەویەکەی سپی سپی دەڕوانێت‌و خانووەکانی لەسەر خوێ دروست کراون، زیادەرۆی نییە بێژین سەماوە یەكێکە لەهەرە پیسترین‌و شێواوترین شارەکان، ئەم شارە بەقوڵایی یادەوەری ئەنفال دادەنرێت، دەکرێت دەیان ڕووداوو چیرۆکی باس نەکراو لەگەڵ خۆیداو بەپەنهانی  پێشکەش بەمێژوو بکات، ئاخر کەم نین ئەو پیرە پیاوە عەرەبە سەماوەییانەی نێو حکومەت کە لەزیندانی نوگرە سەلمان بوون‌و بیریان پڕە لەیادەوەری تاڵ‌و باس نەکراوی ئەنفال، بەڵام کەس نایاندۆزێتەوەو خۆیان نایدرکێنن.

 رەنگە گەورە دیکتاتۆر "سەدام حسین " خودی خۆی هیچ کات نەنوگرە سەلمانی دیبێت‌و نەبیابانی عەرعەر،  بەڵام هەتا دوری گۆرە بەکۆمەلەکان‌و نوگرە سەلمان ئەزموون نەکەی نازانی تاوانی  گەورەی ئەنفال پرۆسەیەکی چەنێ  ئاڵۆزو فراوان‌و ترسناک‌و گوماناوییە، ئەم پرۆسەیە لەئاستی تاوانی کۆمەڵکوژی دەسەڵاتێک‌و سەرۆک‌و تاقمەکەی لێی بەرپەسن، بەڵام ئەنجامدەری تاوانەکانی نوگرە سەلمان‌و گۆرە بەکۆمەڵەکان تۆڕێکی فراوانترە لەوەی هەیە .

 

ئێوارەی ١٦ی مانگ تەنها یەک پیاوو ژنی عەرەبی سەماوەیی لەناو بازاری شارەکە بینەری چالاکییەکانی کەسوکاری ئەنفال نەبوون کە لە"کۆیەو هەڵەبجەو بارزان‌و  گەرمیان"ەوە بەیەک دەنگ‌و ڕەنگ هاتبوون!!! هەر ئەوەش بووە هۆی لابردنی چالاکییەکی تر کە وا دانرابوو لەشەقامی موتەنەبی بەغدا بکرێت .

 

لەنێوان سەماوەو نوگرە سەلماندا بەدوری سەدان کیلۆمەتر لەڕێگا سەرەکییەکەو لەقوڵایی سەحرادا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان هەیە کە بەشێکیان نوگرە سەلمانیشیان بینیوە پێش کۆمەڵکوژیان، بەڵام ئەم گۆرە بەکۆمەڵانە  بێکەس‌و بێ دەربەست لەو بیابانەدا دوای دەیان ساڵ‌و نەمانی حوکمی بەعسیش وەکو خۆیان ماونەتەوە!

 

ئەو دۆڵە نزمانەی کە لەزەوییەکانی تری دەوربەری نزمترەو هەزارانی ئەنفالکراوی تیادا گولەباران کراوە تا ئێستا  ژێرەکەی پڕە لەئێسک‌و پروسکی ئەنفال، هەڵگری هەزاران پرسیارو گومانن کە دەسەڵاتی ئیستای کوردستان لەوە لاوازترو بێتواناترن بتوانن لانی هەرە کەمی وەڵامەکانیان دەست بکەوێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×