کارڵ مارکس ئەڵێ : هەرگیز هەژاریی شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو هەڵگیرسێنەری شۆڕش، بریتییە لە هۆشیاریی هەژارەکان نەک هەژاریی هەژارەکان .
هەر بۆیه دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی یەکبینە بڵاوکردنەوەی هەژاریدان، شێخ و موریدەکانی دیوەخانی دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی ئەوەدان هەژارەکان توخنی هۆشیاریی نەکەون، یان ئەگەر لێره ولەوێ هەژارێک هۆشیاریی چنگ کەوتبێ، لێی وون بکەن، بە جۆرێک کە جارێکی تر نەیدۆزێتەوە یان شەرمی لێبێ جارێکی تر هۆشیار بێ، ئەگەر ووردتری بکەینەوە، توشی پەشیمانیی دەکەن و لەبەردەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا بۆ هەژارانی هاوڕێی ئەسەلمێنێ، ئەو زۆر هەڵە بووە کاتێ هۆشیار بووە یان کاتێ دەستی بردووە بۆ هۆشیاریی، ئەڵێ ئەو هۆشیارییە شتێکی زۆر ترسناکە و وام زانی ( ڕادیۆ ) بووە، ڕستەی خەمگینی ( وامزانی ڕادیۆ بووە ) لە هەژارێکەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێ لەبەردەم مایکرۆفۆنی کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بۆ چەند چرکەیەک هۆشیار ئەبێتەوە و گووتاری هۆشیاریی خۆی ڕائەگەیەنێ و جنێو بە ئاغاکان دەدات، هەر دوای ئەو لێدوانەی، بە هەر ڕێکارێک بێت وای لێدەکەن پەشیمان بێتەوە و بڵێت ئەو ئاغایانە زۆر دڵسۆز و مرۆڤ دۆست و نیشتمانپەروەرن و پەشیمانم لەو هۆشیارییە نەعلەتییەی کە ڕیشی گرتووم ، چووزانم ئەو کفرەم دەدرێتە پەخشی تی ڤی، وامزانی کەناڵی ڕادیۆ بووە، چونکە بە حیسابی ئەو، ڕادیۆ ئێستا هیچ کەسێک گوێی لێ ناگرێ!
ئەم کار و کاردانەوە و تێکشکانە، لە جیاتی هەڵوێستی توند لەناو هەژاراندا دروست بکات، ئەبێ بە ترێندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نوکتە وپێکەنینی لێ دروست دەکرێ ، بە جۆرێک لەدوای ئەو هەر پریشکێکی هۆشیاریی، تەمبێکردن و لێدوانی تۆبەکردن و پەشیمانیی بە دوادادێت، ئیتر زۆرینەی هەژارە ناهۆشیارەکانیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێن ڕادیۆ بوو!
زاراوەیەکی وا ، پێش هەموو شتێک ئەتککردن و سەرتاشین و خۆڵ و دۆکردنە بەسەر هۆشیارییدا، لە بەرامبەردا هەموو هەژاران پەرێزی خۆیان لە نەفرەتی هۆشیاربوون پاک دەکەنەوە و ئەڵێن: ڕادیۆ بوو ! ، پێدەکەنن و دووباره و سەد بارەی دەکەنەوە. دیاردەیەکی لەم جۆرە، درێژکراوەی ئەو پەندەیە ( خوا غەزەب لە بزن بگرێ، نانی شوان ئەخوات ) بە شێوەیەک ئەبێ بزن تەنها گیا بخوات، شوانیش نان وکەرە وگۆشتی بزنەکان حەڵاڵی خۆیەتی، کار ئەگاتە ئەوەی بزنێک هەر لە نانی شوانەکەیش نزیک بێتەوە ، یەکسەر بزنەکانی هاوڕێی بە پێکەنین و گاڵتە جاڕییەوە پێی دەڵێن : دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو .
بە مەزەندەی خۆم ئەم دیاردەیە وەک تیۆرەکەی بافڵۆفی لێدێت، واتا ئیتر پێۆیست ناکا کاربەدەستەکان تەمێی کەسانێک بکەن کە دەمیان بۆ هۆشیاری بردووە، بەڵکو خۆیان بە بێ فشار و ئاگادار کردنەوە، لە ماوەی کەمتر لە 24کاژێردا،پەشیمانیی بە لغاوەیاندا دێتە خوارەوە و لەبەردەم هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا ئەڵێن: هەڵە بووین و نەخۆش بووین یان تووڕە بووین و ئەوەی وتوومانە دوورە لەڕاستیەوە و ڕادیۆ بووە!
خۆ ئەگەر خۆیشی ئەوە نەڵێت، هەزاران هەژار لێی دێنە دەنگ و پێی دەڵێن: دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو ! واتا هۆشیاریی ئەبێتە بابەتێک بۆ پێکەنین و هەمووانیش ئازادن چەندێک پێبکەنن، تیایاندایە ئەوەندە پێدەکەنێ هیچ شتێک لە دڵیدا نامێنێ، ئیتر ئەوەی ئەبێتە کۆلکەی هاوبەشی نێوان شوان و بزنەکان، پێکەنینە بە هۆشیاریی، واتا کردنی نزیککەوتنەوە لە هۆشیاریی بە سوکایەتیی و گاڵتەجاڕیی و ئەقڵسوکیی، خزمەتێکی بێ پایانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان ئەکات، تەنانەت خۆیان هانی کەسانێک ئەدەن لە دەرگای هۆشیاریی بدەن و ڕەخنەی دەسەڵات پەخش بکەن ، بۆ ئەوەی یەکسەر ڕاگەیاندنی پەشیمانیی بەدوادا بێت و پێکەنینەکەی هەمووان بە هۆشیاریی بەردەوام بێ، بە جۆرێک هۆشیاریی ببێتە قێزەونترین و سوکترین تێرمی ناو کۆمەڵگا، کە لە هەموو لایەکەوە گێژەڵوکەی پێکەنین ڕایدەماڵێ.
بیریارێکی وەک نەعوم چۆمسکی ئەڵێ : ئەگەر خەڵک وا لێبکەی سەرقاڵی پەیدا کردنی پارووە نانێک بن، کاتیان نامێنێ بۆ بیرکردنەوە، توخنی ئازادی و گۆڕانکاریی ناکەون. باشترین ڕێگای مۆدێرن بۆ چەوساندنەوەی میللەتان، بە چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆ نابێ، چونکە پەندێکی چینیی هەیە ئەڵێ : ئەگەر کۆمەڵێک مەڕ ڕاستەوخۆ بچەوسێنیتەوە، لەناکاو هەموویان ئەبن بە گورگ. هەر بۆیە چۆمسکی بەردەوام ئەبێ و ئەڵێ : بەڵکو باشترین ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دەستەمۆکردنی میللەت، ترساندنیانە لە برسێتیی و بێکاریی، گەڕانی بەردەوامیانە بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە هەتا تارمایی برسێتییان لێ دوور بخاتەوە، پێویستە بەردەوام بۆ پارووە نان بگەڕێن، بە شێوەیەک خەباتی ئازادیی و دەستخستنی کەرامەتیان بگۆڕێ بۆ خەباتی پارووە نان. ساڵەهای ساڵی ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر عێراق بۆ نمونە، مەبەست لێی گۆڕینی عەقڵییەتی ئەو هاووڵاتییه عێراقییە بوو لە هەڵگیرسێنەری شۆڕشی 1920 دژی داگیرکەران و خۆماڵیکردنی نەوت ودەرکردنی کۆمپانیا داگیرەکانی نەوت، بۆ هاووڵاتییەکی عێراقی تەنها خەون و هیوا وخەباتی بۆ ئەوەیە پارووە نانێکی دەست بکەوێ و لە برساندا نەمرێ، ئیتر هەر کۆمپانیایەک بێت و نەوت و داهات و داهاتووی ووڵاتەکە ببات، کێشەی ئەوی عێراقیی نییە.
جۆرج ئۆروێل باس لە فەلسەفەی دیکتاتۆرەکان ئەکات ، ئەڵێ : میللەت وا لێدەکەن برسی بێ، دوای ئەوە وا لە میللەت تێدەگەیەنن کە برسێتیی قەزا و قەدەرە و لە چارەنووس و ناوچاوانیاندا نوسراوە، کردەیەکی ئەزەلییە و کەس بۆی نییە دەستکاریی و گۆڕانکاریی تێدا بکات!
فڕانتز فانۆن، ئەو پزیشکە دەروونییەی سوپای فەڕەنسا لە سەردەمی داگیرکردن و جینۆسایدی خەڵکی جەزائیردا، هێند دڕندەیی سوپای ووڵاتەکەی ئەبینێ ، له پڕ یاخی ئەبێ و ئەچێتە ناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی جەزائیرەوە، ئەڵێ : دیکتاتۆرەکان لە هەژارەکان ناترسن، بەڵکو لەوە ئەترسن هەژارەکان لە هۆکاری هەژار بوونەکەیان تێبگەن، بەو جۆرە دیکتاتۆرەکان بە داگیرکردنی نان و لاشەی هەژارەکانەوە ناوەستن و هەڵدەستن بە داگیرکردنی عەقڵ و بیرکردنەوەیشیان، واتا وایان حاڵی دەکات کە هەژاریی قەزا و قەدەرە و گوێڕایەڵیی داگیرکەران ئەرکێکی ئاینیی و ئەخلاقییە، بێ گومان ئەم وانەیە له ڕێی پیاوای ئایین و سەرۆک خێڵەکانەوە لە ناخی هەژاراندا جێگیر دەکرێ، وەک ئەوەی ئەمان لەلایەن خواوە بڕیار درابێ هەژار بن، لاواز بن، برسی بن، پێویستیشە لەسەریان گوێڕایەڵ و جێبەجێکاری هەموو ویست و داواکانی داگیرکەرەکانیان بن وەک ئەرکێکی ئاینیی بۆ پاراستنی بیر و باوەڕ و دەستخستنی ڕەزامەندیی خودا و بەهەشتی بەرین.
ئەم دۆخە بەڕاستی دۆخی کوشتنی مرۆڤبوونە لە ناخی مرۆڤەکاندا، گۆڕینی میللەتە بۆ تارمایی . تارماییەک لەبەرچاویدا سامان و کەرامەت و هەموو شتێکی لێ زەوت ئەکرێ، ئەویش هیچ کاردانەوەو بەرگرییەکی نییە و ..لە باشترین حاڵەتدا بە چرپەوە ئەڵێ: دەستێک نەتوانیت بیبڕیتەوە، ئەبێ ماچی بکەیت ..بەڵکو خوا چاکی بکات و تازە لە دەستی بەندەی خودادا نەماوە!
واتا ئەبێتە کەسێکی دابڕاو لە شۆڕش و لە بەرگری و لە نەتەوە و لە مێژوو، مرۆڤێک کە بە داخەوە، هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتیی و ئینتیما لە دەست دەدات، ئەبێت بە گیاندارێک تەنها تەماشای بەردەمی خۆی دەکات و بۆ پارووە نانێک ئەگەڕێت و لە بازنەیەکی بەتاڵدا ئەخولێتەوە.